ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق دەنگ لەسەر بوودجە دەدات

عێراق

13/03/2023     ژمارەی بینراو 155

راچڵەکین –
چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراقدا دەنگ لەسەر رەشنووسی پرۆژەیاسای بوودجە بدات ئەویش دوای ئەوەی دوێنی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە تەواوکرا.

زیا ناسری، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عیراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند: ئەمڕۆ دووشەممە ئەنوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا رەشنووسی پرۆژەیاساکە پەسەند دەکات.

وتیشی: پێشبینی دەکرێت بوودجەی ئەمساڵ بوودجەی جێبەجێکردنی پرۆژە بێت.

دوێنی یەکشەممە، تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق رایگەیاند: ئامادەکردنی رەشنووسی پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ تەواوکراوە و بەمەبەستی تاوتوێکردن و پەسەندکردنی رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە.

وەزیری دارایی عیراق ئاماژەی بەوەشداوە کە لە پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵی ٢٠٢٣دا، زیاتر گرنگی بە کارە لەپێشینەکانی گەشەپێدان، پاڵپشتیکردن لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی، چینی کەمدەرامەت و جێبەجێکردنی پرۆژە ستراستیجییەکان دراوە.

تەیف سامی وتیشی: "بەدرێژایی چەند مانگی رابردووی تەمەنی حکوومەتی نوێ، کارمان کرد بۆ ئەوەی بوودجەیەک ئامادە بکەین کە لەگەڵ پێداویستییەکانی ئابووریی عیراق، پلان و بەرنامەی حکوومەت بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی دارایی و ئابوورییدا گونجاو بێت".

وردەکاری زیاتر لەبارەی ناوەڕۆکی پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی عیراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣ نەخراوەتەڕوو، بە تایبەتیش لەبارەی ئەوەی کە قەبارەی بوودجەکە چەندە.

پێشتر رۆژنامەی سەباح بڵاوی کردبوویەوە کە تەیف سامی رایگەیاندووە، بوودجەی ساڵی ٢٠٢٣، ١٤٠ ترلیۆن دینارە کە ٨٠تریلیۆن دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران و خەرجییەکانی حکوومەت تەرخان کراوە.

موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانیش بە رۆژنامەکەی راگەیاند "لە بوودجەی ٢٠٢٣دا کە بە ١٤٠ تریلیۆن دینار ئامادەکراوە، ٨٠ تریلیۆن دینار بۆ بەکاربردن و ٦٠ تریلیۆن دیناریش بۆ وەبەرھێنان تەرخان کراوە"

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن