راچڵەكین -
پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی تۆمەتبارێكی راگەیاند كە دوای ئەوەی دەستدرێژی كردبووە سەر ژنێك و وێنەی گرتبوو، هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەكانیشی لێكردووە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای تۆماركردنی چەند سكاڵایەك لەسەر تۆمەتبارێك، كە لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوەو بەناوی كاری خێرخوازییەوە، پەیوەندی لەگەڵ ژنان و كچاندا دروستكردووە، دواتر یەكێك لەو ژنانەی بێهۆش كردووەو دەستدرێژی كردۆتە سەری و وێنەی گرتووەو هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەكانی لێكردووە.
وەك لە راگەیەندراوەكەی پۆلیسدا هاتووە، دوای لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكان و وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی چوارچرا بەهاوكاری بەشی پۆلیسی سەیدسادق، توانیان تۆمەتبارەكە بدۆزنەوەو دەستگیری بكەن.
تۆمەتبارە دەستگیركراوەكە ناوی (د، ع، ح) لەدایكبووی 1985ە و پێشینەی تاوانی هەیە، لەمیانی لێكۆڵینەوەدا دانی بەتاوانەكەیدا ناوەو لەئێستادا بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەكانی 393 و 430 ڕاگیراوەو لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیدا بەردەوامە.