هەسەدە زانیاری لەبارەی كەوتنەخوارەوەی هێلیكۆپتەرەكەی چەمانكێ ئاشكرا دەكات

کوردستان

17/03/2023     ژمارەی بینراو 435

راچڵەكین - 

هێزەكانی سوریای دیموكرات راگەیەندراوێك لەبارەی كەوتنەخوارەوەی دوو هێلیكۆپتەرەكەی ناحیەی چەمانكێ بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت، نۆ شەڕڤانمان لەناو هێلیكۆپتەرەكان شەهید بوون.

دوای ئەوەی ئێوارەی رۆژی 15ی ئەم مانگە، دوو هێلیكۆپتەر لەنزیك گوندی بێركیان لە ناحیەی چەمانكێی سەر بە قەزای ئامێدی كەوتنەخوارەوەو ژمارەیەك سەرنشینی گیانیان لەدەستدا، ئەمڕۆ هەینی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ئاشكرایكرد كە هێلیكۆپتەرەكان هی ئەوان بوون.

هەسەدە لە راگەیەندراوەكەیدا روونیكردووەتەوە، چەند شەڕڤانێكیان بە دوو هێلیكۆپتەر بەرەو سلێمانی دەڕۆیشتن، بەڵام لەكاتی گەیشتنیان بۆ سنووری ناحیەی چەمانكێ، بەهۆی نالەباریی كەشوهەوا، هەردوو هێلیكۆپتەرەكە كەوتنەخوارەوەو بەهۆیەوە نۆ شەڕڤانیان لە یەكینەكانی دژەتیرۆر، شەهید بوون.

هەسەدە داواشی لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، هاوكاریان بن لە گەڕاندنەوەی تەرمی شەڕڤانە شەهیدەكانیان بۆ رۆژئاوای كوردستان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن