توركیا بڕیارێك لەبەرژەوەندی عیراق دەدات

عێراق

21/03/2023     ژمارەی بینراو 1132

راچڵەكین -

سەرۆكی توركیا بڕیاریدا بۆماوەی یەك مانگ بەردانەوەی ئاو لە رووباری دیجلە بۆ عیراق زیاد بكات.

ئەمڕۆ سێشەممە، لەمیانی كۆبوونەوەی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیاو محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق، كە بە سەردانێكی فەرمی لە ئەنكەرەیە، ئەردۆغان رایگەیاند:" بۆ نەهێشتنی تەنگەژەكانی عیراق لەڕووی كەمئاوییەوە، بڕیارماندا بڕی ئەو ئاوەی كە لە رووباری دیجلەوە دەڕژێت، بۆ ماوەی مانگێك بەپێی توانا زیاد بكەین".

ئەردۆغان، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ سوودانی، داواشی لە عیراق كرد پارتی كرێكارانی كوردستان وەك "رێكخراوێكی تیرۆریستی" بناسێنێت و وتی:" چاوەڕوانی ئێمە لە برایانی عیراقی ئەوەیە كە پەكەكە وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی بناسن و خاكەكانیان لەو رێكخراوە پاكبكەنەوە".

لە بەرامبەردا، محەمەد شیاع سوودانی، سوپاسی حكومەتی توركیای كرد بە زیادكردنی بڕی بەردانەوەی ئاو لە رووباری دیجلەو بەهۆكارێك بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئاو لەعیراق وەسفكرد، راشیگەیاند، لەگەڵ توركیا بنەمایەكمان دانا بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوانمان، بەتایبەتیش لە بواری ئابووریدا، جەختی لەوەشكردەوە كە رێگە نادەن خاكی عیراق بۆ هێرشكردنە سەر توركیا بەكاربهێندرێت.

ماوەی چەند ساڵێكە توركیا بەبیانووی دروستكردنی بەنداو لەسەر هەردوو رووباری دیجلەو فورات، بەشە ئاوی عیراقی لەو دوو رووبارە بەشێویەكی بەرچاو كەمكردووەتەوە، بەو هۆیەشەوە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری وڵاتەكە دووچاری قەیرانی كەمیی ئاو بووونەتەوە 

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن