حکومەتی هەرێم تووڕەیە و هێرشی توند دەکاتە سەر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا

ڕاپۆرت

23/03/2023     ژمارەی بینراو 508

راچڵەکین –
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە توندی وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەداتەوە سەبارەت بەو راپۆرتەی کە تێیدا رەخنە لە دۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان دەگرێت، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم دەڵێت: "زۆر ناشەفافانە و دوور لە ڕاستی و ناواقيعیانە هەڵسەنگاندنی دۆخی هەرێمی کوردستان دەکات و راپۆرتەکەی دووڕوویی تێدایە".

رۆژی ٢١/٣/٢٠٢٣ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوکردەوە. ڕاپۆرتەکە لە چەند بەشێکیدا باس لە خراپی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان دەکات.

ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی نووسینگەی دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکانی بڵاوکردەوە کە تێیدا وەڵامی بەشێک لەو تێبینی و سەرنجانە دەداتەوە کە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەیان پێکراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: بە داخەوە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، زۆر ناشەفافانە و دوور لە ڕاستی و ناواقيعیانە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان دەکات و دووڕوویی و ئیزدواجیەتی تێدایە و وەکو پێویست، ئاماژە بە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم ناکات بەتایبەتی لە بابەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، کە بە تەحەدایەکی گەورە دادەنرێت لەسەر هەرێمی کوردستان".

هەروەها هاتووە: "سەبارەت بە ئازادی ڕادەربڕین، ئاشكرایە کە لە هەرێمی کوردستان ئەوپەڕی ئازادی بیرو ڕا و ئازادی ڕاگەیاندن هەیە و سەدان دەزگای ڕاگەیاندنی جۆراوجۆی ڕاگەیاندن هەن کە بە ئازادی کاری خۆیان دەکەن و زۆربەشیان رەخنەگری دەسەڵاتن و یاسا و رێنمایی و میکانیزمەکانی حکومەتی هەرێم لە بواری ئازادی بیرو ڕا و ئازادی ڕاگەیاندن، ڕوون و ئاشکران بەڵام راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پشت بە چەند سەرچاوەیەکی نافەرمی و دەزگای میدیایی دەبەستێت کە هەڵوێستەکانیان سیاسین و خۆیان دژی ئەم دەسەڵاتەن و ئۆپۆزیسیۆنی سیاسین و دەیانەوێ بۆ مەرام و ئامانجی سیاسی خۆیان ڕاستییەکان بشوێنن".

لە بەشێکی دیکە راگەیەندراوەکەدا باس لەو رەخنانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە دۆسیەی زیندانیکراوانی بادینان ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کردووە، بەڵام رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم لەو بارەیەوە دەڵێت: "سەبارەت بە کەیسی ژمارەیەک لە گیراوان کە ئاماژەیان پێکراوە، لێرەدا پێویستە ئەوە روون بکرێتەوە ئەم کەیسە یاساییانە هەرچەندە پەیوەندییان بە تێکدانی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان هەبووه، بەڵام سەرەڕای ئەوەش پڕۆسەی دادگایی کردنیان بە ئاشکرا و شەفافانە بەڕێوەچووە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکخراوەکان و پەرلەمانتاران، بێ ئەوەی ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە هەوڵەکان بکات بە مەبەستی چەسپاندنی سەروەریی یاسا و ئەمن سەقامگیری هاووڵاتیان".

رەخنەشێ لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گرتووە بەوەی پشتی بەو داتایەنە نەبەستووە کە حکومەتی هەرێم سەبارەبت بە رەوشی مافی مرۆڤ بۆی رەوانە کردوون و "بەمەبەست ئاماژەیان پێنەکراوە و وەکو پێویست پشتیان بە زانیاریەکانی حکومەتی هەرێم نەبەستووە بۆ ئەوەی راپۆرتەکە زیاتر شەفاف و بێلایەن بێت و هەڵوێستی لایەنی بەرامبەریش وەربگرن نەک تەنیا تاکلایەنە و بە ئارەزووی خۆیان شت بنووسن".

هەروەها دەڵێت: "مایەی نیگەرانییە کە کونسوڵگەری گشتی ئەمریکا مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ چەند کەس، گرووپی میدیایی و ژمارەیەک لە بەناو رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەکات و پاڵپشتی داراییان دەکات کە ئەجێندای سیاسییان لە پشتە و تەنانەت زۆریشیان مۆڵەتی یاسایی کارکردنی نییە".

سەبارەت بە دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تیشکی خراوەتە سەر، "دووپاتی دەکەینەوە دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان لە هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە سەرپەرشتی دەکرێن کە دامەزراوەیەکی حکومەتی هەرێمە و بەرپرسیارە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێم و ئەرک و بەپرسیاریەتییەکانی لەسەر بنەمای لامەرکەزی بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دابەشکراوە هاوکات پابەندە بە چەسپاندنی سیاسەتێکی ئەمنی یەکگرتوو".

نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم دەربارەی دەسەڵاتی دادوەریش کە ئەمریکا رەخنەی لێگرتووە دەڵێت: "دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستان بە تەواوی سەربەخۆیە و حکومەتی هەرێم ڕێز لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری دەگرێت و پابەندە بە سیستمێکی یەکگرتووی هاوسەنگ و دەست ناخاتە نێو ڕێوشوێنە دادوەرییەکان. هەروەها هەوڵ دەدات پڕۆسەی دادوەری، دادپەروەرانە و شەفاف و لێپرسراوانە بێت بەرامبەر خەڵکی هەرێمی کوردستان".

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمدا هاتووە: "جەخت لەوە دەکەینەوە حکومەتی هەرێم پابەندە بە بەرەوپێشبردنی بنەما دیموکراسیەکانی وەک ئازادییەکان، شەفافیەت، یەکسانی جێندەری و پێکەوەژیان. ئەم بەهایانە وایکردووە هەرێم گەشەسەندنێکی بەرچاوی کۆمەڵایەتی بەخۆیەوە ببینێت، هەروەها حکومەت یارمەتیدەر بووە بۆ فەراهەم کردنی ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیر بۆ ئەوەی هاووڵاتیان تێیدا سەروەربن".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن