وەزارەتی تەندروستی: ئافرەتێکی بەریتانی بۆ نەشتەرگەری بەردی زراو هاتووە بۆ هەولێر

تەندروستی

23/03/2023     ژمارەی بینراو 531

راچڵەکین –

وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئافرەتێکی بەریتانییبۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەریی بەردی زراو سەردانی هەولێری کرد و پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە بەسەرکەوتوویی، بڕیارە بگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی تەندروستی بڵاویکردەوە ئافرەتێکی بەڕەگەز بەریتانی کە کێشی 163 کیۆگرامە و نەخۆشی بەردی زراوی هەبووە، بە هۆی دووری ئەو نۆرەیەی لە بەریتانیا بۆ نەشتەرگەریی بۆیدانراوە، سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە.

روونیشیکردەوە، دوای ئەوەی هەوڵی زۆری دا و چەندین جار سەردانی پزیشکی کردووە و نۆرەی چاوەڕوانی زۆر دوور بۆ دانراوە، له‌كاتێكدا ئازاری زۆر هەبووە و نۆرەی نەشتەرگەرییەکەی سێ ساڵ بووە لە بەریتانیا، بۆیە بەمەبەستی چارەسەرکردن بڕیار دەدات بێتە هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی تەندروستی راشیگەیاند: لەشاری هەولێر سەرکەوتووانە نەشتەرگەریی دەرهێنانی بەردی زراو بۆ ئافرەتەکە ئەنجامدرا و لەئێستادا تەندروستی باشە.

ئەوەشی خستەڕوو کە بڕیارە ئافرەتەکە بگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا و سوپاسی پزیشک و کارمەندان و نەخۆشخانەشی کرد لە هەولێر.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن