دوو هونەرمەند دوای ئەوەی جیابوونەوە جارێكی تر گەڕانەوە لای یەكتری

هەمەڕەنگ

24/03/2023     ژمارەی بینراو 1641

راچڵەكین -

سیریل فەتاح-ی هونەرمەند دوای ئەوەی لەگەڵ نەبەرد-ی هاوسەری بڕیاری جیابوونەوەیان دا، دووبارە گەڕانەوە بۆلای یەكترو سوپاسی خەمخۆریی ئەو كەسانەش دەكەن كە لەو ماوەیەدا بە خەمی ئەوانەوە بوون.

ئەو ژنە هونەرمەندە لە پەیامێكدا بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی بەهۆی هەندێ لێكتێنەگەیشتنەوە لەگەڵ هاوسەرەكەی، بڕیاریدا جیاببنەوە، بەڵام بەهۆی رازینەبوونی دۆستان و كەسە دڵسۆزەكانیان كە داوایان كردبوو زیاتر ئارام و لێبوردەبن، بۆیە بڕیاریان دا لە یەكتر ببورن و بەسەر كێشەكاندا زاڵ ببن و بەردەوامی بە پێكەوەژیانیان بدەن و شانسێكی تر بدەن بە عەشق و پێكەوەژیان و خۆشەویستییان.

دەقی پەیامەكە:

سڵاو هاوڕێیانی خۆشەویست

چەند رۆژیك پێش ئێستا لێرەوە ئاگادارم كردن كە من و نەبەرد بڕیارمان داوە لەیەك جیاببینەوە. ئەوە بڕیاری هەردوكمان بوو، بەهۆی هەندێ لێكتێنەگەیشتنەوە بوو.

دوای ئەوە دۆستان و دڵسۆزانمان بەوە ڕازی نەبوون، لە ئێمەیان خواست كە زیاتر ئارام و لێبوردەبین، ئێمەش كاتی زیاترمان دا بەو بڕیارە. سەرئەنجام باشتر لەوە تێگەیشتین، پێكەوە بوونی ئێمە گەورەترە لە كێشەكان. خۆشەویستی و ڕێز و تێگەیشتنمان بۆ یەك زۆر زیاترە لە تووڕەییمان.

بۆیە بڕیارمان دا، لە یەكتر ببورین، بەسەر كێشەكاندا زاڵ ببین و بەردەوامی بە پێكەوەژیانمان بدەین، شانسێكی تر بدەین بە عەشق و پێكەوەژیان و خۆشەویستیمان.

بەهیوام ئێمەیش و ئێوەش، هەمیشە ئارام بین و پشوو درێژبین لە بڕیاردان، چونكە هەموومان مرۆڤین و مەرج نییە هەموو بڕیارێكمان راست و دروست بێت، هیوادارم لە خۆشەویستیدا بژین و بێ كێشەبن هەموو لایەك.

زۆر سوپاس بۆ خەمخۆریتان، كە لەو ماوەیەدا بە خەمی ئێمەوە بوون.

زۆر سوپاس بۆ كەسە دڵسۆزەكانمان، كە ڕێیان نەدا توڕەیی و كێشەكانمان بەسەر جوانیی و خۆشەویستی و پێكەوەبونماندا زاڵ ببن.

سیریل فەتاح

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن