عیراق بردنەوەی دۆسیەیەکی نەوتی لە تورکیا راگەیاند و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمیش راگیرا

کوردستان

25/03/2023     ژمارەی بینراو 355

راچڵەکین –
وەزارتی نەوتی عیراق بردنەوەی ئەو دۆسیەیەی راگەیاند کە سەبارەت بە نەوتی هەرێمی کوردستان لە دژی تورکیا تۆماری کردبوو و هەناردەکرنی نەوتی هەرێمیش لە تورکیاوە راگیرا.

بەرپرسێكی وەزارەتی نەوتی عیراقیش، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی، عیراق هەناردەكردنی 450 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و باکوری کەرکوک راگرت.

وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا پێشوازی لەو بڕیارە كرد كە بەشێوەی كۆتایی لەبەرژەوەندی عیراق لەلایەن دەستەی دادوەریی سەر بە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس، دەركراوە.

لە بەشێكی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لەدوای تۆماركردنی سكاڵا لەلایەن كۆماری عیراقەوە لەدژی كۆماری توركیا بەهۆی سەرپێچیكردنی لە ئەحكامی رێككەوتنەكەی ساڵی 1973 تایبەت بە هێڵی بۆری نەوتی نێوانیان، كە لایەنی توركیا پابەندكراوە بە وابەستەبوون بە رێنماییەكانی لایەنی عیراقی سەبارەت بە جوڵەی نەوتی خاوی هەناردەكراو.

وەزارەتی نەوتی عیراق، جەختی لەوەكردووەتەوە كە كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوت (سۆمۆ) تاكە لایەنی رێپێدراوە بۆ ئیدارەدانی پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتی خاو لەڕێی بەندەری جەیهان-ی توركیا، هاوكات ئاماژەی بەوەشكردووە كە بڕیارەكە نابێتە لەمپەر لەبەردەم پێشخستن و فراوانكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان عیراق و توركیا بەو جۆرەی كە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی هەردوولا دەكات.

وەزارەتەكە راشیگەیاندووە، لەدوای دەرچوونی بڕیارەكەی پاریس، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێم و دەسەڵاتدارانی توركیا، گفتوگۆدەكەن لەبارەری میكانیزمەكانی هەناردەكردنی نەوت لەڕێی بەندەری جەیهان-ەوە، بەشێوەیەك كە بەردەوامیی بەپرۆسەی هەناردەكردن بدرێت و پابەندبوونەكانی كۆمپانیای سۆمۆ بەرامبەر كۆمپانیا جیهانییەكان لەخۆبگرێت، هەروەها گرەنتی هەناردەكردنی تەواوی نەوتی تەرخانكراو بۆ هەناردەكردن بدات، بە نەوتی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستانیشەوە، لەپێناو زیادكردنی داهاتی گشتی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن