راچڵەکین –
وەزارەتی خوێندنی باڵا زیاتر لە شەش هەزار کورسی بۆ دبلۆمی باڵا،
ماستەر و دکتۆرا راگەیاند و پێشکەشکردنیش لە هەفتەی داهاتووەوە دەستپێدەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی
زانستی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە هەولێر رایگەیاند، لە رۆژی یەکشەممەی
داهاتووەوە دەرگای پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا دەکرێتەوە.
روونیشیکردەوە کە زیاتر لە شەش هەزار کورسی بۆ هەر سێ ئاستی
دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا تەرخانکراوە، لەو ژمارەیەك هەزار و 800 کورسی
تایبەتە بە دکتۆرا.
ئارام محەمەد راشیگەیاند، کورسییەکان بەسەر سێ بازنەدا دابەش
کراوە، ئەوانیش کارمەندانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، فەرمانبەری وەزارەتەکانی
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەشی پارالێڵ کە ئەمەیان گشتییە و هەموو کەسێك
دەتوانێت داوای تێدا پێشکەش بکات.
وەزیری خوێندنی باڵا لەبارەی رسومات و رێنماییەکانیشەوە رایگەیاند
"رێنماییەکان بۆ دۆخی ئێستا گونجاون، ھەروەھا تێچووی رسوماتی پێشکەشکردن،
بەبڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دیاریکراوە و ئێمە ناتوانین دەستکاری بکەین، تەنیا
کەسوکاری پلە یەکی شەھیدان لەو رسوماتە دەبەخشرێن".
ئارام محەمەد سەبارەت بە دەرماڵەی قوتابییانی زانکۆ و
پەیمانگاکان گوتی: "ئەوەی ئەرکی وەزارەتی خوێندنی باڵایە لەوبارەیەوە جێبەجێی
کردووە و چەند ھەنگاوێکی کەمی ماوە لە وەزارەتی دارایی و نابێت رێگابدرێت
قوتابییان بەبێ دەرماڵە ساڵی خوێندن تەواو بکەن".
ھەر بەپێی رێنماییەکان، بۆ خوێندنی دبلۆمی باڵای یەک ساڵەی
ئەکادیمی تێکڕای نمرەی بەکالۆریۆسی پێشکەشکار رەچاو ناکرێت و بەم پێیەش ھەر
پێشکەشکارێک تێکڕای نمرەی سەدا ٥٠ بێت ئەوا مافی پێشکەشکردنی ھەیە.