ترەمپ بەتۆمەتی بەرتیلدان بەئەكتەرێكی فیلمە " پۆرنەكان" دادگایی دەكرێت

هەمەڕەنگ

31/03/2023     ژمارەی بینراو 525

راچڵەكین-

دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا، لەلایەن دادگایەكی ئەو وڵاتە تۆمەتباركرا بە بەرتیلدان بە ئەكتەرێكی فیلمە پۆرنەكان لە ساڵی 2016 دا.

دادگایەكی ناوچەی مانهاتن لە نییۆرك، شەوی رابردوو، دۆناڵدترەم-یان بەفەرمی تۆمەتباركرد بەوەی لەساڵی 2016 دا 130 هەزار دۆلاری وەك بەرتیل بە (ستۆرمی دانیاڵس)داوە كەئەستێرەیەكی فیلمە پۆرنەكانە،بۆ ئەوەی پەیوەندییە نهێنییەكەی نێوانیان بۆ رای گشتی ئاشكرا نەكات.

وەك دادگای مانهاتن ڕوونیكردووەتەوە، رووداوەكە پێش هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا بوو كە ترەمپ كاندیدی پارتی كۆمارییەكان بوو. 
 
ترەمپ-ی تەمەن 76 ساڵ، دەبێتە یەكەم سەرۆكی ئەمریكا لە مێژوودا لەلایەن دادگاوە بەفەرمی تۆمەتبار بكرێت. 

چاوەڕێ دەكرێت، رۆژی سێشەممەی داهاتوو ترەمپ خۆی رادەستی پۆلیس بكات و بچێتە بەردەم دادگا و وێنەی تاوانباریی "مەگ شۆت" دەگیرێت.

لەیەكەم كاردانەوەشیدا بەرامبەر بڕیارەكەی دادگای مانهاتن، دۆناڵد ترەمپ هێرشی توندی كردە سەر داواكاری گشتی دادگاكەو بە" رسوا" ناوی هێناو تۆمەتباری كرد بەوەی كە درێژە بەكارە قێزە ونەكانی جۆ بایدن-ی سەرۆكی ئێستای ئەمریكا دەدات دژی ترەمپ.

چاوەڕێ دەكرێت، بڕیارەكەی دادگای مانهاتن كاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی ئەمریكا 2024 هەبێت، بەتایبەت كە ترەمپ بەیەكێك لەكاندیدە بەهێزەكانی كۆماریەكان دادەنرێت لەو هەڵبژاردنەدا.  

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن