مارێكی كۆبرا فڕۆكەیەك ناچار بە نیشتنەوە دەكات

هەمەڕەنگ

06/04/2023     ژمارەی بینراو 474

راچڵەكین -

فڕۆكەوانێكی ئەفریقای باشوور پێشبینی نەدەكرد لەكاتی فڕینی لە بەرزیی سێ هەزار مەتر، یەكێك لە مەترسیدارترین ماری جیهان، لەژێر كورسییەكەی ببینێت و بەهۆیەوە ناچار بوو فڕۆكەكەی لە نزیكترین فڕۆكەخانەدا بنیشێنێتەوە.

رۆژنامەی گاردیان-ی بەریتانی بڵاویكردەوە، لەكاتی گەشتێكی ئاسمانی لەوڵاتی ئەفریقای باشوور، فڕۆكەوانەكە، كە چوار سەرنشینی هەڵگرتبوو، لەكاتی فڕینی لە بەرزیی سێ هەزار مەتر، هەستی بە شتێك كرد كە لەژێر قاچەكانی دەجووڵێتەوە، كاتێك سەیری كرد، مارێكی بینی كە درێژییەكەی 1.5 مەتر دەبوو، لەژێر كورسییەكەی خۆی گرمۆڵەكردبوو.

فڕۆكەوانەكە كاتێك زانی مارەكە لەجۆری كۆبرای ژەهراوییە، كە یەكێكە لە مارە هەرە مەترسیدارەكانی جیهان، بە سەرنشینەكانی وت كە ناچارە لە نزیكترین فڕۆكەخانەدا بنیشێتەوەو گەشتەكە تەواو نەكات.

لەدوای نیشتنەوەیان، فڕۆكەوانەكە تووشی شۆك بوو كە چۆن ئەو مارە گەورەیە گەیشتووەتە ناو فڕۆكەكە، بێ ئەوەی هیچ كەسێك هەستی پێبكات، لەهەمان كاتدا دڵخۆشیش بوو كە بە سەلامەتی رزگاریان بوو. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن