پشدەر عەبدوڵا: مانگێكە هەوکردنی پەردەی مێشك زیادیکردووە، بەڵام بزانە بۆ بڵاومان نەکردەوە؟

تەندروستی

22/04/2023     ژمارەی بینراو 859

راچڵەکین -

ماوەی زیاتر لە مانگێکە حاڵەتەکانی هەوکردنی پەردەی مێشك بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو زیادیان کردووە، بەڵام بۆ بڵاومان نەکردۆتەوە:

١-بۆ ئەوەی ترس و دڵەڕاوکێ ی زۆر لەلای هاووڵاتییان بڵاونەبێتەوە، چونکە ئەو حاڵەتە لەلای هاووڵاتییان زۆر بە مەترسیدار سەیر ئەکرێت.

٢-هەر لەسەرەتای زیادکردنی حاڵەتەکان بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی سلێمانیمان ئاگادارکردەوە.

٣-هەموو ڕۆژێک جگە لە هەینی ڕۆژانە لە نەخۆشخانە چالاکی زانستیمان هەیە کە زۆربەی پزیشکەکان بەشداری تێدا ئەکەن، گفتووگۆ ئەکرێت لەسەر هەموو حاڵەتەکان، چەند جارێک لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆی زانستیانە کراوە لە کۆبوونەوەی زانستی ڕۆژانەی نەخۆشخانەکەمان.

٤-هەموو ڕێکاری زانستیمان گرتەبەر بۆ دیاری کردنی هۆکاری زیادبوونی حاڵەتەکان و چارەسەریش دیاری کراوە.

٥-چەندین ساڵە بەردەوام حاڵەتی هەوکردنی پەردەی مێشك هەر هەبووە، بەڵام ئەم ماوەیە زۆر زیادی کردووە، پزیشکەکانمان ئاشنان بە نەخۆشیەکە و چارەسەریش بەردەستە بۆیە پێویست بە ترس و دڵەڕاوکێی زیاد لە پێویست ناکات،تەنها ئەگەر نیشانەکانی کە لە خوارەوە باسمان کردووە تێبینیت کرد بەزوویی بیهێنە بۆ نەخۆشخانە بۆ ئەوەی چارەسەری پێویستی بۆ بکرێت.

٦-شێوازی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکەو نیشانەکان و شیکاری تاقیگەیی زۆربەیان دەردەکەوێت کە هۆکاری بەشی هەرەزۆریان ڤایرۆسییە بەڵام بەشێکیشیان بەکتریایە.

٧-بەشی هەر زۆریان چارەسەریان بۆ کراوەو بەشێکیشیان لە ژێر چارەسەردان، پشتیوان بەخودا ئەوانی تریش بەبێ کێشە چارەسەریان بۆ ئەکرێت.

٨-پێشریش چەند جارێک زانیاریمان لەسەر نەخۆشیەکە بڵاوکردۆتەوە بۆ ئەوەی دایک و باوک زانیاری تەواویان لەسەر نەخۆشیەکە هەبێت.

هەوکردنی پەردەی مێشک چیە؟ نیشانەکانی چین؟ ئەگەر چارەسەر نەکرێت ئەوکێشە تەندرووستیانە چین کە منداڵەکە لەوانەیە تووشی ببێت؟

بریتیە لە هەوکردنی پەردەی دەوری مێشک و دڕکه پەتک.

هۆکارەکانی:
لەوانەیه بەکتریا، ڤایرۆس، شێرپەنجە، دەرمان، یان پاڕاسایت بێت.

نیشانەکانی لەوانەیە یەکێک یان کۆمەڵێک لەو نیشانانەی خوارەوە بێت:

بۆ منداڵی بچووکتر لە ۳ مانگ:
۱- شیرخواردنی کەم ئەبێتەوە.
۲- ڕشانەوە.
۳-بێزاری و ازعاج بوون .
٤- تای بەرز.
٥-گەشکە.
٦-لەوانەیه پلەی گەرمی لەشی دابەزێت.
۷- لەشی نەرم ئەبێت واتە بێ هێز .
۸- شەکرەی خوێنی دابەزێت.
۹- ئەو بەشەی لە کەللەی سەردا مەڵاشووی پێ  ئەڵێن بەرەودەرەوە دەرئەچێت.

نیشانەکانی لە منداڵی گەورەتر لە یەک ساڵ لەوانەیە یەکێک یان کۆمەڵێک لەو نیشانانە  بێت:
۱-ڕشانەوەو دڵ تێکهەڵاتن.
۲- سەرئێشە.
۳-هەستیاری بە ڕووناکی زیاد ئەکات،واتە بە ڕووناکی ازعاج ئەبێت.
٤-تای بەرز.
٥- هۆشی منداڵەکە تێک ئەچێت.
٦- بێ تاقەتی و ازعاج بوون.
۷- لەوانەیە گەشکەی لێبدات.
۸- ملی ڕەق ئەبێت.

بۆ دیاری کردنی نەخۆشیەکە پێویستە ئاو لە پشتی منداڵەکە دەربهێنرێت، بە داخەوە زۆرجار دایک و باوکی منداڵەکە ڕێگە نادەن ئەو شیکارە بکرێت کە زۆر ئاسانەو هیچ کێشەیەک بۆ منداڵەکە درووست ناکات.

ئەگەر چارەسەر وەرنەگرێت منداڵەکە لەوانەی ڕووبەڕووی چ کێشەیەکی تەندرووستی ببێتەوە؟
۱- لەوانەیە ببێتە هۆی مردنی.
۲- کێشەی بینین و لە دەستدانی بینین.
۳- کێشەی بیستن و لەوانەیە بیستنی بە تەواوی لەدەست بدات.
٤- گەشکەی بەردەوام.
٥- ئیفلیج بوون.
٦- زیرەکی و ئاستی توانای مێشکی کەم بێتەوە.

تکایە هەرگیز لەبەر کەلـلە ڕەقی بەڕێزت ژیانی منداڵەکەت مەخەرە مەترسیەوە، چونکە هەرکێشەیەک لەوانە ڕووبدات ئەبێ هەموو تەمەنت ئاخ هەڵبکێشیت و لە ئاست منداڵەکەتدا چاو نەکەیتەوەو خزمەتی بکەیت.

ئامادەکردنی:
دکتۆر پشدەر عەبدوڵا
پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی منداڵان و گەشەی منداڵان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن