ئاگادارییەك لە تەندروستی هەڵەبجەوە دەربارەی هەوکردنی پەردەی مێشك: تکایە ئەم کارە مەکەن

تەندروستی

24/04/2023     ژمارەی بینراو 883

راچڵەکین –

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە داوا لە هاووڵاتییان دەکات، لە کاتی بوونی نیشانەی نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک، راستەوخۆ سەردانی نەخۆشخانە بکەن و نەچن بۆ دەرمانخانە و نۆڕینگەکان.

ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە رایگەیاند: ئاگاداری هاووڵاتیانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە ودەوروبەری دەکەین کە لەکاتی هەبوونی هەر نیشانەیەکی نەخۆشی هەوكردنی پەردەكانی مێشك لە منداڵەکانیاندا بە هیچ جۆرێک سەردانی دەرمانخانەو نۆرینگەکان نەکەن.

روونیشیکردەوە کە لە ئەگەری چوونیشیان بۆ دەرمانخانە و نۆڕینگەکاندا بەهیچ جۆرێک دەرمانی ئیلتیهابات (Antibiotic) وەرمەگرن لەبەر ئەوەی لەگەڵ وەرگرتنی چارەسەری هەوکردندا ڕێگاو شێوەی دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکە ئاسان نابێت.

تەندروستی هەڵەبجە جەختیشیکردەوە کە ئەگەر منداڵی نەخۆش ئەو چارەسەرە وەربگرێت، "ناتوانین دەستنیشانی ئەم نەخۆشیە بۆ هیچ نەخۆشێک بکەین کە پێش سەردانیکردنی نەخۆشخانەکانمان دەرمانی دەرەوەی بەکار هێنابێت".

بە پێی راگەیەندراوێکی پێشووی د. پشدەر عەبدوڵا پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی منداڵان و گەشەی منداڵان، نیشانەکانی هەوکردنی پەردەی مێشك لەوانەیە یەکێک یان کۆمەڵێک لەو نیشانانەی خوارەوە بێت:

بۆ منداڵی بچووکتر لە ۳ مانگ:
۱- شیرخواردنی کەم ئەبێتەوە.
۲- ڕشانەوە.
۳-بێزاری و ازعاج بوون .
٤- تای بەرز.
٥-گەشکە.
٦-لەوانەیه پلەی گەرمی لەشی دابەزێت.
۷- لەشی نەرم ئەبێت واتە بێ هێز .
۸- شەکرەی خوێنی دابەزێت.
۹- ئەو بەشەی لە کەللەی سەردا مەڵاشووی پێ  ئەڵێن بەرەودەرەوە دەرئەچێت.

نیشانەکانی لە منداڵی گەورەتر لە یەک ساڵ لەوانەیە یەکێک یان کۆمەڵێک لەو نیشانانە  بێت:
۱-ڕشانەوەو دڵ تێکهەڵاتن.
۲- سەرئێشە.
۳-هەستیاری بە ڕووناکی زیاد ئەکات،واتە بە ڕووناکی ازعاج ئەبێت.
٤-تای بەرز.
٥- هۆشی منداڵەکە تێک ئەچێت.
٦- بێ تاقەتی و ازعاج بوون.
۷- لەوانەیە گەشکەی لێبدات.
۸- ملی ڕەق ئەبێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن