تێسلا نرخی ئۆتۆمبێلەكانی لە چین، كەنەدا و ژاپۆن بەرزكردەوە

هەمەڕەنگ

05/05/2023     ژمارەی بینراو 348

راچڵەكین-

كۆمپانیای تێسلا بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی كارەبایی لە هەریەك لە ئەمریكا، چین، كەنەدا و ژاپۆن نرخی ئۆتۆمبێلەكانی Model 3 و Model Y بەرزكردەوە.

تێسلا كە لە ماوەی ئەمساڵدا چەندین جار داشكاندنی لە نرخەكانیدا كردووە، ئەمجارەیان نرخی ئۆتۆمبێلەكانی لە بازارە گرنگەكاندا بەرزكردەوە.

بەپێی ئەو لیستی نرخانەی كە لە ماڵپەڕی فەرمیی كۆمپانیاكەدا بڵاوكراوەتەوە، لە چین نرخی تێسلای Model 3 لە ٢٢٩ هەزار و ٩٠٠ یوانەوە بۆ ٢٣١ هەزار و ٩٠٠ یوان (٣٣ هەزار و ٥٤٩ دۆلار) بەرزبووەتەوە و نرخی ئۆتۆمبێلی Model Yش دوو هەزار یوان زیادبووە.

لە ئەمریكا، زنجیرەی Model 3 و Model Y ٢٥٠ دۆلار زیادكرا. هاوكات تێسلا لە كەنەدا و ژاپۆن نرخی هەندێك لە ئۆتۆمبێلەكانی بەرزكردەوە.

سەرەڕای بەرزكردنەوەكان، نرخی ئۆتۆمبێلەكانی تێسلا لە سەرەتای ساڵەوە بەهۆی ئەو داشكاندنانەی كە چەندین جار لە سەرانسەری جیهان بە چین و ئەورووپاوە بە مەبەستی بووژانەوەی خواست ئەنجامدرا، لە بنی نرخەكان مایەوە.

تێسلا، لە سەرەتای ساڵەوە لە چین كە گەورەترین بازاڕی ئۆتۆمبێلی كارەباییە لە جیهان كەوتە كێبڕكێی دابەزاندنی نرخەكان.

كۆمپانیاكە، نرخی ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان لە ئەورووپا و ئاسیاش دابەزاند و ئەو كەمپینی داشكاندنەی فراوانكرد كە لە چینەوە دەستیپێكرد. كۆمپانیاكە، نرخی ئۆتۆمبێلەكانی Model 3 و Model Yی لە ئەڵمانیاش بە رێژەی سەدا ٤،٥ و سەدا ٩،٨ دابەزاندبوو.

تێسلا كە لە ماوەی ئەمساڵدا شەش جار نرخی ئەم مۆدیلەی لە ئەمریكا دابەزاند، مانگی رابردوو نرخی ئۆتۆمبێلەكانی Model S و Model Xی زیادكردبوو و سەرنجی بۆ خۆی راكێشابوو.

ئەو داهات و قازانجەی كە كۆمپانیاكە لە ١٩ی نیسان ئاشكرای كردبوو، ئەوە دەركەوت كە داشكاندنی نرخەكانی تێسلا دابەزاندنی رێژەی قازانجی لێكەوتووەتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن