موقتەدا سەدر بڕیارێكی نوێ دەردەكات

عێراق

14/05/2023     ژمارەی بینراو 659

راچڵەكین -

رابەری رەوتی سەدر نیگەرانیی خۆی بەرامبەر ئەو كەسانە نیشان دەدات كە بە محەمەدی مەهدی ناوی دەبەن و وەك كاردانەوەیەكیش، بڕیاردەدات مەزارگەی باوكی بۆماوەی پێنج رۆژ دابخات و هیچ جۆرە رێورەسمێكیش بەبۆنەی یادی شەهیدبوونی ئەنجام نەدرێت.

موقتەدا سەدر لە پەیامێكی دەنگیدا كە ئەمشەو بڵاویكردەوە، رایگەیاند كە ئەو محەمەدی مەهدی نییە، بەڵكو خۆی بە خزمەتكارو خۆشەویستی مرۆڤە گوێڕایەڵ و دڵسۆزەكان دەزانێت.
 
سەدر بێبەریبوونی خۆی لە "كردەوەی چەوتەكان و گەندەڵكاران و ئەوانەی بیروباوەڕی لادانیان هەیە" راگەیاندو وتی:" ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەكەن كە من ئیمامی مەهدیم، كە ئەمە درۆ و چەواشەكارییەكی مەترسیدارە، من موقتەدا بن محەمەد سادق، كوڕی محەمەد مەهدی بن ئیسماعیلی سەدرم".

رابەری رەوتی سەدر جەختی لەوەكردەوە كە باشترین سزا بۆ ئەو جۆرە كەسانەو ئەوانەشی پشتیوانییان لێدەكەن لە میلیشیا گەندەڵەكان، بێبەشكردنی هەمووانە لە پرسەو ماتەمینی ساڵیادی شەهیدبوونی محەمەد باقر ئەلسەدر.

موقتەدا سەدر بڕیاریشیدا ئەمساڵ سەرجەم رێورەسمەكانی ماتەمینی لەشاری نەجەف رابگرێت و بۆ ماوەی پێنج ڕۆژیش مەزارگەی باوكی بەڕووی شوێنكەوتووانی رەوتەكەی دابخات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن