ئەمریكا وادەی كۆتایی هاتنی شەڕی رووسیا - ئۆكراینا ئاشكرا دەكات

جیهان

21/05/2023     ژمارەی بینراو 296

ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا

راچڵەكین -

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وادەی كۆتایی هاتنی شەڕی نێوان رووسیاو ئۆكراینا ئاشكرا دەكات، راشیدەگەیەنێت: تا ئەوكاتەی شەڕەكە كۆتایی دێت، واشنتۆن بەردەوام دەبێت لە ناردنی چەك و كەرەستەی سەربازی بۆ سوپای ئۆكراینا.

ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، وڵاتەكەی پاكێجێكی نوێی رەوانەكردنی چەك و كەرەستەی سەربازیی بۆ ئۆكرانیا پەسەندكردووە، كە تەقەمەنی بۆ سیستمی مووشەكیی (HIMARS)، تۆپ، چەكی دژە تانك، ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی چارەسەری پزیشكیی، پیك-ئاپ و ترێلە بۆ گواستنەوەی كەرەستەی قورس و پارچەی یەدەگ، لەخۆدەگرێت.

بلینكن، ئاماژەی بەوەكردووە، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا، لە پەراوێزی لووتكەی G7 لە ژاپۆن، لەگەڵ ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسكی سەرۆكی ئۆكراینا كۆبووەتەوە و جەختی لەوە كردووەتەوە كە ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانییكردنی ئۆكراینا كە بەرگریی لەخۆی دەكات بەرامبەر هێرشە دوژمنكارییەكانی رووسیا.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی وادەی كۆتایی هاتنی شەڕی نێوان رووسیاو ئۆكراینا، كە زیاتر لە ساڵێك و سێ مانگە بەردەوامە، رایگەیاند: رووسیا دەتوانێت هەر ئەمڕۆ كۆتایی بە جەنگەكە بهێنێت، بەڵام تا ئەو كاتەی كۆتایی پێ دەهێنێت، ئەگەر جەنگەكە چەند درێژەش بكێشێت، ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بەردەوام دەبن لەپشتیوانیكردنی ئۆكرایناو هاوكاریكردنی.

لێدوانەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لەكاتێكدایە الئێستا وڵاتەكەی چەندین پاكێچی هاوكاریی سەربازیی پێشكەشی ئۆكراینا كردووە، كە بەهاكەیان بە چەندین ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن