سوودانی: ئەركی دەزگا حكومییەكانە رێگری بكەن لە یاریكردن بە ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان

عێراق

22/05/2023     ژمارەی بینراو 184

راچڵەكین-

سەرۆكوەزیرانی عیراق، رایگەیاند، ئەركی دەزگا حكومییەكانە ھەموو تواناكانی خۆیان بخەنەگەڕ لە پێناو رێگریكردن لەھەر یاریكردنێك یان رەفتارێك كە ‌كاریگەری لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان بكات یان رێگری بكات لە كاری كۆمیسیۆن.

نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عیراق بڵاویكردووەتەوە، محەمەد شیاع سودانی، بارەگای كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی بەسەركردووەتەوەو لەگەڵ ئەنجوومەنی كۆمیسیاران كۆبووەتەوە، تیایدا
باس لە كارەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان لە قوناغی داھاتوودا كراوە، ھەروەھا ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان تاوتوێ كراوە.

سودانی رایگەیاندووە، كار دەكەن بۆ دابینكردنی ھەموو پێداویستییەكانی ھەڵبژاردنەكان و پاڵپشتی لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان دەكەن، چونكە دەزگایەكی دەستووریی گرنگە لەناو سیستەمی دیموكراسییدا.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ‌پاكی و شەفافییەت لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەكاندا، دوو كۆڵەكەی سەرەكین بۆ پاراستنی پیشەیی و بێ لایەنی كۆمیسیۆن و جەختی كردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە پێویستە كرانەوە بەڕووی سەرجەم ھێزە سیاسیەكاندا ھەبێت و مەترسییەكان درووبخرێنەوە و ئەو تێبینیانەی كە دەبنە مایەی پاڵپشتیكردن لەكاری كۆمیسیۆن وەربگیرێن.

محەمەد شیاع سوودانی داوای لە كۆمیسیاران كرد كاربكەن بۆ پتەوتركردنی متمانەی ھاووڵاتی بە ‌پرۆسەی ھەڵبژاردنەكان و ‌ئەنجامەكانی و وتی: " ئەركی دەزگا حكوومییەكانە ھەموو تواناكانی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ رێگریكردن لەھەر یاریكردنێك یان رەفتارێك كە ‌كاریگەری لەسەر ئەنجامەكان بكات یان رێگری بكات لە كاری كۆمیسیۆن".

روونیشیكردەوە، ھەڵبژاردن ئامرازێكە بۆ پاراستنی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتیی و سەقامگیریی ھەروەك چۆن رێگایەكە بۆ دەستاودەستكردنی دەسەڵات و بەرپرسیارییەتی بە ئاشتییانە، دیموكراسی و دەستووریی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن