یەكێتی ئەوروپا لیستی سزاكانی سەر ئێرانی فراوانكرد

جیهان

22/05/2023     ژمارەی بینراو 152

راچڵەكین-

 یەكێتیی ئەوروپا بە پاساوی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ، كەسایەتی و رێكخراوی نوێی خستە لیستی سزاكانی سەر ئێرانەوە.

ئەنجوومەنی یەكێتیی ئەوروپا بڵاویكردووەتەوە، لە پاكێجی هەشتەمی سزاكانی یەكێتی ئەورووپادا دژی ئێران  كە بەهۆی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤەوە سەپێنراوە، پێنج كەس و دوو رێكخراو زیادكراون. 

ئەو كەسانەی بۆ لیستەكە زیاد كراون، یەكێكیان فەرماندەیەكی پۆلیسی تارانە، یەكێكی دیكەیان كەسێكە باس لەوە دەكرێت پەیوەندیی بە گیانلەدەستدانی پارێزەری ئێرانی مریەم ئارڤینەوە هەیە، كە دوای دەستگیركردنی گیانی لەدەستدا، هەروەها وتەبێژی پۆلیسی ئێران، سكرتێری ئەنجوومەنی باڵای بواری سایبەریی ئێران و داواكاری گشتی شارۆچكەی سیرجانن.

هاوكات وەقفی هاوكاریی سوپای پاسدارانی ئێران و رێكخراوی خوێندكارانی بەسیج خراونەتە لیستی سزاكانەوە.

سزاكان بریتین لە قەدەغەكردنی گەشتكردن، بلۆككردنی سەروەت و سامان، قەدەغەكردنی بەدەستهێنانی پارە و سەرچاوە ئابوورییەكان و بە زیادكردنەكانی ئەمڕۆوە، تا ئێستا بەسەر ٢١٦ ئێرانی و ٣٧ رێكخراوی وڵاتەكەدا سەپێنراون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن