ئەمریكا هەڕەشەی سەپاندنی سزا بەسەر سوودان دەكات

جیهان

23/05/2023     ژمارەی بینراو 162

ئەنتۆنی بڵینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا

راچڵەكین -

ئیدارەی ئەمریكا هەڕەشەی سەپاندنی سزای قورس بەسەر فەرماندە سەربازییە شەڕكەرەكانی سوودان دەكات ئەگەر پابەندی بڕیاری ئاگربەست نەبن، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش رایدەگەیەنێت، پرۆسەی ئاگربەستمان ئاسان كردووە، بەڵام جێبەجێكردنی لە ئەستۆی لایەنە ناكۆكەكانی ئەو وڵاتەدایە.

ئەنتۆنی بڵینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی بڵاویكردووەتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە سەرەڕای بڕیاری ئاگربەست، بەڵام شەڕو پێكدادانەكان لەسوودان بەردەوامە، بەتایبەت لە خەرتوومی پایتەخت و شارێكی باكووری وڵاتەكە.

بڵینكن، شەڕو پێكدادانی نێوان سوپای سودان و هێزەكانی پشتیوانی خێرای بە كارێكی بێمانا و كاولكار ناوزەند كرد، هۆشداریشی دایە جەنەراڵەكانی ئەو وڵاتە لەوەی ئەگەر پابەندی ئاگربەست نەبن، رووبەڕووی سزا دەبنەوە، وتیشی:" ئەو لیژنە 12 كەسییەی كە ئەمریكا پشتیوانی دەكات و لە لایەنە شەڕكەرەكان پێكهاتووە و ئەمریكا و سعوودیە یەكی سێ نوێنەریان تێدا هەیە، لە دوورەوە چاودێری دۆخەكە دەكات و كار بۆ هێوركردنەوەی دۆخی ناسەقامگیری سوودان دەكات.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە لە رێگەی لیژنەی چاودێرییەوە ئاگاداری پێشێلكردنی ئاگربەستەكە دەبن و رایگەیاند: "پرۆسەی ئاگربەستمان ئاسان كرد، بەڵام جێبەجێكردنی لە ئەستۆی سوپای سوودان و هێزەكانی پشتیوانی خێرادایە".

ئەم هۆشدارییەی ئەمریكا لەكاتێكدایە سەرباری بڕیاری ئاگربەست لەسوودان، بەڵام تائێستا لەچەند ناوچەیەكی ئەو وڵاتە شەڕو پێكدادان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەكانی پشتیوانی خێرا، بەردەوامە، كە بەپێی نوێترین ئامار، سەدان كەس كوژراون و دەیان هەزار كەسیش لەترسی شەڕو كاولكاری، وڵاتەكەیان جێهێشتووەو روویان لە وڵاتانی دراوسێ كردووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن