ساکا: چاوەڕێی شەوانی چامپیۆنزلیگ-م لە یاریگای ئیمارات

وەرزش

23/05/2023     ژمارەی بینراو 91

ڕاچڵەکین سپۆرت -

 

ئەمڕۆ سێشەممە بوکایۆ ساکا، یاریزانی ئارسیناڵ، دوای ئەو وەرزە ناوازەیەی لەگەڵ تیپی لەندەن پێشکەشی کرد، دڵخۆشی خۆی دەربڕی بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ گەنەرز.

لەلێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی بی بی سی ساکا وتی: "خەونەکان لە یەک شەودا نایەتە دی، کاتی دەوێت، ئەم یانەیەش لە تەمەنی ٨ ساڵییەوە وەک خێزانێک بووە بۆ من".

ئاماژەی بەوەشکرد، پێموایە ئەم یانەیە شوێنی گونجاوە بۆ ئەوەی هەنگاوی داهاتوو بنێم، بۆ من ئەوە پەیوەندی بە گەیشتن بە خواستە شەخسییەکانمەوە هەیە، دواتر پەیوەندی بە هەبوونی کەسانی باش لە دەوروبەرم هەیە لە خێزان و هاوکارەکانم".

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "پێموایە هەموو شتێکم هەیە کە پێویستم پێیانە بۆ ئەوەی ببمە باشترین یاریزان، هەر لەبەر ئەمەشە دڵخۆشم کە لێرە بمێنمەوە و بۆ داهاتوو ئامادە بم، چونکە باوەڕم بە توانای خۆمان هەیە بۆ بەدەستهێنانی شتە گەورەکان".

ساکا دوپاتیشی کردەوە: "گۆڕانکاری زۆرم بینی، من شوێنپێی گەشەسەندنی تیپ و یانەکە دەبینم، و شتە سەرنجڕاکێشەکە ئەوەیە کە ئێمە لەسەر ڕێگای ڕاستین، کات لە لای ئێمەیە، تیپەکە پڕە لە چەندین یاریزانی گەنج کە هەست بە برسێتی نازناو دەکەن، زۆرێک لە ئێمە نازناومان لە ئارسیناڵ بەدەست نەهێنا، و دەمانەوێت لێرە نازناوە گەورەکان بەدەست بهێنین".

لە کۆتاییدا وتی: ماوەیەکی زۆرە یانەکە بەشداری لە چامپیۆنزلیگدا نەکردووە، چاوەڕێی ئێوارانی سێشەممە و چوارشەممەم لەم یاریگایەدا، کەش و هەواکەی زۆر نایاب دەبێت".

 

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن