زیاد جەبار: كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كارا نەكراوەتەوە

کوردستان

25/05/2023     ژمارەی بینراو 120

راچڵەكین-

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان دەڵێت، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كارا نەكراوەتەوە و ئەوەی پارتی دەیڵێت كاری حزبییە و لای ئەوان هیچ بنەمایەكی نییە.

زیاد جەبار، دوای سەردانی ژمارەیەك پەرلەمانتاری یەكێتی بۆ خانەقین رایگەیاند:" گرنگیدان بە ناوچە دابڕێنراوەكان لە پێشینەی كاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە و هەر لەسەردەمی سەرۆك مام جەلال-ەوە تاوەكو ئێستا سیاسەت و هەوڵی یەكێتی لە هەرێم و بەغدا بۆ سەلماندنی كوردستانی بوونی ناوچە دابڕێندراوەكان و ئارامی و ژیانێكی شایستە بووە بۆ هاووڵاتیانی سنوورەكە".
 
وتیشی: "خزمەتكردنی خانەقین و ناوچە دابڕێنراوەكان لەرێی پڕكردنەوەی پێداویستییەكان و خزمەتكردنی خەڵكەكەی ئەركمانە، هەربۆیە ئامانجمان لەم سەردانە بۆ خانەقین ئەوەیە كە ناوچەدابڕێنراوەكان لە دۆخی نێوان هێزە سیاسییەكانی هەرێم و حوكمڕانی و دامەزراوە دەستووری و شەرعییەكانی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی ناوەند ئاگاداربكەینەوە".

  لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا لەبارەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنەوە سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی وتی: " ئامانجی یەكێتی ئەوەیە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە هەرێم بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەوەی لە پەرلەمان روویدا كاراكردنەوەی كۆمسیۆن نەبوو، بەڵكو تەنها شەڕ بوو، چونكە پارتی رۆژی پێشتر بڕیاری كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی دابوو بۆیە كۆمسیۆن كارا نەكراوەتەوە و ئەوەی پارتی دەیڵێت تەنها كاری حزبییە و كاری پێناكرێت و لای یەكێتی هیچ بنەما و شەرعییەتێكی نییە".

"خەڵكی كوردستان دڵخۆشبوون بە دەستپێشخەرییەكەی مەسعود بارزانی بۆ یەكڕیزی نێوماڵی كورد، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش وەك یەكەم لایەن بەدەم دەستپێشخەرییەكەیەوە چوو و ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان بوو بۆ ئەوەی بتوانین لەرێیەوە هەڵبژاردنێكی بێگەرد ئەنجامبدەین، كەچی لە دانیشتنەكەی پەرلەمانی كوردستاندا پارتی خۆی دەستپێشخەرییەكەی سەرۆكی حزبەكەی شكاند و ئەوەی كردی بۆ ئەوەبوو هەڵبژاردن نەكرێت و لایەنەكان نەگەنە رێككەووتن" زیاد جەبار وادەڵێت.

وتیشی: "هەر كاتێك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان هەنگاو بۆ نزیكبوونەوە لە یەكتر دەنێن، بە لێدوانێك یان هەڵوێستێكی پارتی دوو هەنگاو دوور دەكەونەوە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن