كۆریای باشوور لەبارەی ناردنی چەك بۆ ئۆكراینا روونكردنەوە دەدات

جیهان

25/05/2023     ژمارەی بینراو 172

راچڵەكین -

وەزارەتی بەرگریی كۆریای باشوور، دەنگۆی ناردنی هەزاران پارچە چەك بۆ ئۆكراینا، بەدرۆدەخاتەوەو رایدەگەیەنێت، هەڵوێستەكانی سەبارەت بە جەنگی رووسیا - ئۆكراینا نەگۆڕاوەو ئامادە نییە هاوكاریی سەربازی پێشكەشی هیچ لایەك بكات.

میدیاكانی كۆریای باشوور، لەسەر زاری وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتەوە بڵاویانكردەوە، راپۆرتەكەی رۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆرناڵ سەبارەت بە هەناردەكردنی چەك لەلایەن كۆریای باشوورەوە بۆ ئۆكراینا، بێ بنەمایەو دوورە لە راستییەوە.

ژیۆن ها-گیو، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی كۆریای باشوور ئاماژەی بەوەكردووە، وڵاتەكەی هەڵسەنگاندن بۆ پلانی پاڵپشتی لەسەر خواستی ئۆكراینا دەكات سەبارەت بە دابینكردنی پێداویستی سەربازیی ناكوشندە، كە ئامێری دۆزینەوە و هەڵگرتنی مین لە خۆدەگرێت.

ژیۆن دانی بەوە دانا كە هەناردەكردنی چەك لە نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا و كۆمپانیاكانی كۆریای باشوور هەیە و ئاشكرایكرد، زانیاری زیاتر لەسەر ئەو بابەتە نادات.

لەو راپۆرتەی كە لە رۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆرناڵ دا بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوەكراوە، كۆریای باشوور لە رێگەی ئەمریكاوە چەكی قورسی بۆ ئۆكراینا گواستووەتەوە و بڕیارەكە دوای راگەیەندراوە هاوبەشەكەی نێوان واشنتۆن و سیئۆل دەركراوە، كە رۆژی 21ی ئەم مانگە لە نووسینگەی سەرۆكی كۆریای باشوور بڵاوكراوەتەوەو تێیدا ئاماژە بەوەكراوە، لە میانی كۆبوونەوەكەدا كە لەسەر داوای ئۆكراینا ئەنجامدراوە، بەڵێنی دابینكردنی هاوكاری زیاتر بەو وڵاتە دراوە كە پێداویستی پاككردنەوەی مینیش لەخۆدەگرێت.

ئەمریكا بە بەردەوام گوشار دەخاتە سەر وڵاتە هاوپەیمانەكانی، كە كۆریای باشووریش یەكێكە لەو وڵاتانە، بۆ هاوكاریكردنی ئۆكراینا لەڕووی دابینكردنی چەك و كەرەستەی سەربازی. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن