مەكتەبی سیاسیی یەكێتی پەیامێك بڵاودەكاتەوە

کوردستان

26/05/2023     ژمارەی بینراو 708

راچڵەكین -

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەپەیامێكدا بەبۆنەی 24ەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی رێكخراوی ئازادیی لاوانی كوردستان، رایدەگەیەنێت: ئەو رێكخراوە لە رێگەی پڕۆژە و چالاكییەكانییەوە، رۆڵی گەورەی بینیوە لە گەشەپێدانی هۆشیاریی لاوان و هێنانەدی خەونەكانیاندا.

مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە پەیامێكدا كە ئاڕاستەی سكرتاریەتی رێكخراوی ئازادیی لاوانی كوردستانی كردووە، هیوای خواستووە لە ئایندەی نزیكدا رێكخراوەكە بەداڕشتنی بەرنامەی كاری سەردەمیانە و سەركردایەتیی خوێنی نوێوە، كۆنگرەی خۆی ببەستێت و بەگوڕوتینی زیاتر لە جاران، خەبات بكات و ببێتە خەونی گشت لاوان لە تەواوی كوردستاندا.

دەقی پەیامەكە:

بەرێزان سكرتێرو ئەندامانی سكرتاریەتی رێكخراوی ئازادیی لاوانی كوردستان

 بەبۆنەی بیست و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی رێكخراوەكەتانەوە، پیرۆزبایی گەرمتان لێدەكەین و هیوای سەركەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازین لە خزمەتكردنی زیاتری لاواندا.

وەك چۆن لە خەبات و تێكۆشانی سیاسیدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەل و بواری بۆ پێشەنگی و سەركردایەتیكردنی لاوان رەخساندوە، هەر لەو روانگەیەوە بووە رێكخراوی ئازادیی لاوانی كوردستان بە جۆرێك دەرفەتی كاری بۆ رەخساوە كە لە مێژووی تەمەنی پڕ كۆششی خۆیدا و لە رێگەی پڕۆژە و چالاكییەكانییەوە رۆڵی گەورەی بینیوە لە گەشەپێدانی هۆشیاریی لاوان و هێنانەدی خەونەكانیاندا.

هیوادارین لە ئایندەی نزیكدا رێكخراوی ئازادیی لاوان بەداڕشتنی بەرنامەی كاری سەردەمیانە و سەركردایەتیی خوێنی نوێوە كۆنگرەی خۆی ببەستێت و بەگوڕ و تینی زیاتر لە جاران خەبات بكات و ببێتە خەونی گشت لاوان لە تەواوی كوردستاندا.

مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن