راچڵەكین
ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان ژمارەی ئەو زیندانیكراوو راگیراوانەی ئاشكراكردووە كە بڕیاری ئازادكردنیان دەرچووەو لە نوسراوێكدا ئاراستەی سەرۆكایەتی هەرێمی دەكات.
لە نوسراوەكەی ئەنجومەنی دادوەری كە ئاراستەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان/ نووسینگەی تایبەتی سەرۆكی هەرێم كراوە، تیایدا هاتووە: دوا بە دوای هەردوو نووسراومان ژمارە (فق لە 28/3/2020) و (فق لە 5/4/2020) ئاماری ئەو راگیراوانەی كە ئازادكراون بە دەستەبەری (كفالە) لە سنوری هەرچوار سەرۆكایەتی دادگای تێهەلچوونەوەی ناوچەی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، كەركوك-گەرمیان) و هەروەها ئاماری ئازادكردنی بە مەرج ئەو زیندانیانەی (محكوم) كە لە چاكسازییەكانی پارێزگاكانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆكن، لە رۆژانی (30/3/2020 تاوەكو 5/4/2020) بۆتان دەنێرین.
لە نوسراوەكەدا هاتووە، كۆی گشتی ئازادكردنی گیراوەكان و بەردانی بە مەرج لە هەر چوار دادگای تێهەڵچوونەوەی هەرێم، 1474 كەسن.
ئەنجومەنی دادوەری روونیشیكردووەتەوە، لە سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر 812 گیراو، ئازادكراون و لەو ژمارەیە بەردانی بە مەرج 26 كەسە. لە سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی 440 گیراو ئازاد كراون و لەو ژمارەیە بەردانی بەمەرج 12 كەسە، لە سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی دهۆك ژمارەی ئازادكردنی گیراوەكان 170 كەسە و 30 كەسیان بەردانی بە مەرجە. لە سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی كەركوك-گەرمیان 21 راگیراو ئازاد كراون لەگەڵ یەك نەوجەوان.
لە كۆتای راگەیەندراوەكەدا هاتووە: پرۆسەی بەردانی راگیراوان و ئازادكردنی بە مەرج بەردەوام دەبێت و لە رۆژانی داهاتوودا ئاماری نوێ بڵاو دەكرێتەوە.