"ئەگەری هەیە جەنگ لەنێوان ئەمریكا و ئێران رووبدات"

ڕاپۆرت

21/01/2020     ژمارەی بینراو 233

راپرسییەك: "زۆرینەی ئەمریكییەكان لەو باوەڕدان كە لەمیانی چەند ساڵی داهاتوودا، جەنگ نێوان وڵاتەكەیان و ئێراندا روودەدات".

بەپێی راپرسییەك، زۆرینەی ئەمریكییەكان لەو باوەڕدان كە لەمیانی چەند ساڵی داهاتوودا، جەنگ نێوان وڵاتەكەیان و ئێراندا روودەدات.

راپرسییەكە لە لایەن ئاژانسی هەواڵیی"Reuters" و"Ipsos MORI"-وە ئەنجامدراوە بەر لەوەی ئێران هێرشە مووشكییەكە بۆسەر بنكەكانی سوپای ئەمریكا لە عێراق ئەنجام بدات.

بەپێی ئەنجامی راپرسییەكە كە داوی سێ رۆژ لە كوژرانی فەرماندەی سوپای فەیلەقی قودس، قاسم سولەیمانی ئەنجامدراوە دەركەوتووە كە71% ئەمریكییەكان لەو باوەڕدان كە لەمیانی چەند ساڵی داهاتوودا، جەنگ نێوان وڵاتەكەیان و ئێراندا روودەدات.

 لە ئایاری ساڵی رابردوودا راپرسییەك بۆ هەمان مەبەست ئەنجامدرابوو كە تیایدا لەسەدی ٥١ی ئەمریكییەكان هەمان بۆچوونیان هەبوو، بەڵام بەشێكی كەمی ئەمریكییەكان لە راپرسییەكەدا پێیان وابوو كە جەنگ لەنێوان وڵاتەكەیان و ئێراندا روونادات.

هەر بەپێی ئەنجامی راپرسییەكە لەسەدی ١٧ی ئەمریكییەكان رایانگەیاندوو كە جەنگ لە نێوان وڵاتەكەیان و ئێراندا روونادات، لەسەدی پێنجی دیكەی ئەمریكییەكان بۆچوونیان وایە كە هەرگیز جەنگ روونادات.

هەروەها لە ئەنجامی راپرسییەكەدا دەركەوتووە كە لەسەدی ٥٣ی ئەمریكییەكان هاوڕانیین لەگەڵ سیاسەتی سەرۆكی وڵاتەكەیان، دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە ئێران.

بەپێی ئەنجامی راپرسییەكە لە هەر ١٠ ئەمریكییەك، چواریان وای بۆ دەچن كە ئێران هەڕەشەیە بۆسەر وڵاتەكەیان، بەڵام چواری دیكەیان بە پێچەوانەوە رایانگەیاندوو كە ئێران هەڕەشە نییە بۆسەر ئەمریكا.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، رۆژی چوارشەممە 8-1-2020 سوپای پاسداران رایگەیاند، لە چوارچێوەی تۆڵەی كوشتنی قاسم سولەیمانی-دا، ژمارەیەك مووشەكی ئاراستەی بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد رۆژئاوای ئەنبار كردووە كە هێزەكانی ئەمریكای تیایدا جێگیرن.

میدیای ئێران بڵاویان كردبوەوە، لانیكەم ٨٠ سەربازی ئەمریكی بەهۆی هێرشی مووشەكە بالیستییەكان بۆسەر بنكەی ئاسمانی سەربازیی عەین ئەسەد لە عێڕاق كوژراون.

دوای هێرشەكەش سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، لەبارەی هێرشەكەوە ئاگادار كراوەتەوە و لە نزیكەوە چاودێری پێشهاتەكان دەكات.

لەچوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش نزیكەی پێنج هەزار سەربازی ئەمریكا لە بنكە سەربازییەكان لە سەرتاسەری عێراق جێگیركراون.

رۆژی هەینی 3-1-2020، وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پنتاگۆن) رایگەیاندبوو كە فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی و جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەهدی موهەندیس لە هێرشێكی ئاسمانیی سوپای ئەمریكادا لەسەر رێگای فڕۆكەخانەی بەغدا، كوژراون.

لە هێرشەكەدا لەپاڵ قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، هەروەها ژمارەیەك ئەفسەری ئێرانی سەربە سوپای پاسداران و پێنج كەسی عێراقی كە سەرجەمیان ١٠ كەس بوون، كوژران.

لەدوای رووداوەكە، عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران رایگەیاند "بە رۆیشتنی ئەو (قاسم سولەیمانی)، ئەو كارەی كە ئەنجامی دەدا ناوەستێنرێت و رێبازەكەی كۆتایی نایەت. تۆڵەیەكی تاڵ چاوەڕوانی تاوانبارانە".

خامنەیی ماوەی سێ رۆژ ماتەمی سەرانسەری لە ئێران راگەیاندبوو، و لە جێگەی سولەیمانی-یش عەمید ئیسماعیل قائانی دانا.

لەدوای هێرشەكە، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجامدا و ئاشكرایكرد "تۆڵەیەكی توند" لە ئەمریكا دەكرێتەوە لە كات و شوێنێكی گونجاودا.

س: AA

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن