میلان ماڵدینی دوورخستەوە

وەرزش

06/06/2023     ژمارەی بینراو 401

ڕاچڵەکین سپۆرت -

 

ئەمڕۆ سێشەممە یانەی ئەیسی میلانی ئیتاڵی بە فەرمی دەرکردنی ئەفسانەی پاولۆ ماڵدینی لە پۆستەکەی وەک بەڕێوەبەری تەکنیکی ڕاگەیاند.

چەند ڕاپۆرتێک باس لەوە دەکەن کە دوێنێ دووشەممە ماڵدینی لەگەڵ جێری کاردینالی خاوەنی یانەی میلان کۆبووەتەوە، پێش ئەوەی هەردوو لایەن لە تێڕوانیندا جیاواز بن، بەجۆرێک خاوەنی یانەکە بڕیاریدا ئەفسانەی یانەکە لە پۆستەکەی دووربخاتەوە.

وە میلان بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە، تیایدا نوسیویەتی: "میلان ڕایدەگەیەنێت کە پاولۆ ماڵدینی کۆتایی بە ڕۆڵی خۆی هێناوە لەگەڵ یانەکەدا، لە ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ەوە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، سوپاسی ماڵدینی دەکەین بۆ ئەو ساڵانەی خزمەتی لەم پۆستەدا کردوە، چونکە بەشداریی لە گەڕانەوەی بۆ چامپیۆنزلیگ و بردنەوەی نازناوی سکۆدێتۆ لە وەرزی 2021-2022دا کرد.

لە کۆتاییدا ئاماژەیان بەوەکردووە "ئەرکەکانی ڕۆژانەی لەلایەن تیمێکەوە ئەنجام دەدرێت کە بە یەکگرتوویی نزیک لەگەڵ بەڕێوەبەری باڵای تیم کاردەکات، و لە کۆتاییدا ڕاپۆرت دەدات بە بەڕێوەبەری جێبەجێکار."

بەگوێرەی ماڵپەڕی "کالچیۆ مێرکاتۆ"ی ئیتاڵی، کێشەی نێوان ماڵدینی و کاردیناڵ دەگەڕێتەوە بۆ دوو شتی سەرەکی، یەکەمیان بڕیاری ئەفسانەی میلانە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ چارڵز دی کیتێلاری یاریزانی بەلجیکی لەبری پاولۆ دیبالا ئەرجەنتینی.

فۆرلانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری میلان، هاوینی ڕابردوو دەستی بە دانوستانەکانی لەگەڵ بریکارەکانی دیبالا کردبوو، بەڵام ماڵدینی بڕیاریدا گرێبەستەکە ئەنجام نەدات، دی کیتێلاری پێ باشتر بوو، دواتر ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە ڕۆیشتە ڕۆما.

سەبارەت بە بابەتی دووەمیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی میلان وەرزی داهاتوو سەرکەوت بۆ چامپیۆنزلیگ، ئەوەش بەهۆی بڕیاری لێبڕینی خاڵەکانەوە کە لەم وەرزەدا بۆ یۆڤانتۆس جێبەجێکرا.

پێگەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، توڕەیی نێوان هەردوولا لە کۆبوونەوەکەی دوێنێدا هەڵگیرسا، ئەوەش دوای ئەوەی ماڵدینی داوای سەربەخۆیی زیاتری بۆ مێرکاتۆی ٢٠٢٣ کردووە، هەروەها دوای کردووە زیاتر لە 50 ملیۆن یۆرۆ بۆ یاریزان هێنان سەرف بکات.

 

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن