ڕاچڵەکین سپۆرت -
یانەی هیلالی سعودی دەیەوێت لەم هاوینەدا گرێبەست لەگەڵ نەیمار دا سیلڤای بەڕازیلی، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان بکات.
بەگوێرەی تۆڕی "Cbs Sports"ی ئەمریکی، هیلال زۆر حەز دەکات گرێبەست لەگەڵ نەیمار دا سیلڤا بکات، دوای ئەوەی نەیتوانی گرێبەست لەگەڵ لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی بکات، کە ڕووی لە ئینتەر میامی کرد.
تۆڕەکە پشتڕاستی کردەوە کە دوێنێ هەینی شاندێکی باڵای هیلال گەشتی پاریسی پایتەختی فەرەنسایان کردووە بۆ ئەوەی هەڵوێستی نەیمار لەبارەی گواستنەوەی بۆ سعودیە بزانن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هیلال پارەیەکی خەیاڵی بۆ نەیماری ئامادە کردووە بۆ بەدەستهێنانی، گرێبەستەکە هاوشێوەی ئەو سوودانەیە کە کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لە یانەی نەسڕی سعودی بەدەستی دەهێنێت کە دیارترینیان بەدەستهێنانی 200 ملیۆن یۆرۆ بوو بۆ هەر وەرزێک.
ئەو تۆڕە پشتڕاستی کردەوە کە هیلال ئامادەیە ٤٥ ملیۆن یۆرۆ بداتە پاریس بۆ ئەوەی دەستبەرداری نەیمار بێت، بەڵام هێشتا دانوستانەکانی نێوان هەردوو یانە دەستی پێنەکردووە.
جەختی لەوە کردەوە کە بەرپرسانی پاریس سانجێرمان لە هەر ئۆفەرێکی باش بۆ فرۆشتنی نەیمار ڕازی دەبن کە گرێبەستەکەی لە ساڵی ٢٠٢٥ کۆتایی دێت، لەبەر ڕۆشنایی قەیرانە دووبارەبووەکانی یاریزانەکە و نەفرەتی پێکان کە بەردەوام توشی دەبێت.