ئینزلاقی فه‌قه‌راتی پشت
ڕاچڵه‌كین-
ئینزلاقی فه‌قه‌راتی پشت ئازارێكی بێزاركه‌ره و هۆكاری جیاوازی هه‌یه له‌م بابه‌ته‌دا دكتۆره هه‌ڤین كه‌مال پزیشكی پسپۆڕی ئازار و به‌نج گرنگترین نیشانه‌کان و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری ده‌خاته ڕوو.
گرنگترین نیشانه‌کانی:
1- پشت ئێشه یان ئازار له سمت یان ئازاری زۆر له قاچ و پێیەکان ؛ زۆر جار لایه‌کی له‌ش ئێشێت یان ئازاری زۆرتره.
2-سڕبوون یان ته‌زوو هاتن یان هه‌ست کردن به مێروله‌کردنی له سمت و قاچ تا په‌نجه‌کانی پێی، زۆر جار لایه‌کی له‌شه یان زۆرتره له لایه‌که‌ی تر، ھەندێک جاریش ھەستکردن بە گەرمی و سوتانەوە دەکەیت لە پێیەکاندا .
3- بێهیزی یان پوکانه‌وه‌ی ماسولکه‌کانی قاچ و پێ و پشت : بۆ نموونه نا‌توانیت له‌سه‌ر نووکی پێ بووه‌ستیت .
4- ئازاره‌که‌ت به پێکه‌نین ، پشمین ، کۆکه زیاتر ده‌بێت .
5- ئازاری پشت و نیشانه‌کانی ترت زیاتر ده‌بێت دوای پشوو و ئیسراحه‌ت و دانیشتنی زۆر .
6- نیشانه‌کانی نه‌خۆشیه‌که به هه‌ندێ جووڵه زیاد ده‌کات وه‌ک نوشتانه‌وه‌ی پشت ، سوژده بردن ، که‌وتنه سه‌ر لا ، چه‌مینه‌وه .
7- ھەندێک جار کەدەگاتە حاڵەتێکی خراپ، لەوانەیە کۆنتڕۆڵی میزکردن و پیسایکردن لەدەست بدەیت .
گرنگترین هۆکاره‌کانی ئینزلاقی فه‌قه‌راتی پشت :
1- شت به‌رز کردنه‌وه به شێوه‌ی هه‌ڵه؛ بۆ نموونه به‌کارهێنانی ماسوولکه‌کانی پشت له جیاتی ماسوولکه‌کانی قاچ و ئه‌ژنۆ.
2- سوڕانه‌وه یان ئاوه‌ڕدانه‌وه له کاتی هه‌ڵگرتنی شتی قورس به شێوه‌ی هه‌ڵه .
3- به‌رکه‌وتنی زه‌بر به بڕبڕه‌کانی پشت وه‌ک له کاتی که‌وتن ، وه‌رزش ، ڕووداوی هاتووچۆ .
4- جووڵه‌ی کت‌وپڕ ؛ وه‌ک هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی قه‌ڵه‌م یا هه‌ر شتێکی تر به تایبه‌ت دوای دانیشتی زۆر یان پاڵکه‌وتنی زۆر.
5-له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕ بوونی ته‌مه‌ن کڕکڕاگه‌ی نێوان بڕبڕه‌کانی پشت وشک ده‌بێته‌وه و بێهێزتر ده‌بێت بۆیه ئه‌گه‌ری ئینزلاق زیاد ده‌کات .
6- هۆکاری بۆماوه‌یی : له هه‌ندێک خێزان دا زیاتره .
ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی ئه‌گه‌ری ئینزلاق زیاتر ده‌که‌ن :
- قه‌ڵه‌وی و زۆری کێش .
-دانیشتن بۆ ماوه‌ی زۆر : بۆ نموونه له شۆڤێر و فه‌رمانبه‌ری پشت کۆمپیوته‌ر زیاتره .
-ئه‌و که‌سانه‌ی شتی زۆر قورس به‌رز ده‌که‌نه‌وه به هۆی پێشه‌کانیان یان هه‌ندێ وه‌رزش .
-که‌می جووڵه و ئه‌نجام دانی وه‌رزش .
شێوازی ده‌ست نیشانکردنی :
1-نیشانەکان و پشکنینی نەخۆشەکە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە دەرکەوتنی نیشانە سەریریەکان .
2- تیشک ؛ تیشکی ( X-Ray ) ، ئەشیعەی تەنوری ( MRI) و سیتی سکان .
3- هێڵکاری ماسوولکه‌کانی قاچ وپێ ( EMG ) .
4- پشكنینی خوێن به گوێره‌ی نه‌خۆشه‌که پزیشک بڕیاڕ ده‌دات.
شێوازی گشتی چاره‌سه‌رکردنی ئینزلاق :
لە ئێستادا زۆربەی حاڵەتەکان پێویستیان بەنەشتەرگەری نیە و ده‌توانرێت چاره‌بکرێت له ڕێگه‌ی :
1- دابه‌زینی کێش له‌و که‌سانه‌ی قه‌ڵه‌ون یان کێشیان زۆره .
2- ده‌رمانی ئازارشکێن به تایبه‌ت جۆری ( NSAID) وەکو : ڤۆڵتارین ، پرۆفین ، ناپرۆکسین ، مۆبیک ..ھتد، به‌ڵام نابێت بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر و به‌رده‌وام بخورێت و دەبێت لەژێر چاودێری پزیشکدا بێت .
3-بەکارھێنانی ھەندێ دەرمان کەبۆکەم کردنەوەی فشاری دەوری دەمارەکان بەکاردێن و لەگەڵ کەم کردنەوەی ڕۆشتنی سیگناڵی ئازار بۆ مێشک و زیادکردنی ماددەی ئیندۆرفین و نۆر ئیپنفرین و سیرۆتۆنین لە لەشدا کە ئازار کەم ئەکەنەوە ( وەکو دژە پەرکەمەکان، ھێورکەرەوەکان یاخود ھەردووکیان بەیەکەوە ) .
4- هه‌ندێ ڤیتامین و کانزا و پێکهاتووی خۆراک : وه‌ک ئۆمێگا سێ ، ڤیتامین دی ، کالسێوم ، ڤیتامین( بی)یەکان ، کەئەمە کاریگەرییەکی زۆری ھەیە بۆ نەمانی ئازاری دەمار و سڕی دەمارەکە، کورکمین ( کەلەزەردەچەوەو زەنجەفیل و بیبەری ڕەش ) پێکدێت .
4-چارەسەری سروشتی و چارەسەری فیزیاوی و کایرۆپراکتیک .دەرزی چینی و دەرزی ئاژەنین کاریگەرییەکی زۆر باشی ھەیە بۆ نەمانی ئازار و سڕی .
5- ئامێری شۆک وەیڤ و ئامێری تەزووی کارەبا کە خاڵی ئازارەکان لەپشتدا ناھێڵن .
6- وەرزش کردن، مەلەکردن ، یۆگا و میدیتەیشن کە ڕژانی ئیندۆرفین زیاد دەکەن لە لەشداو ئەمەش ئازارشکێنی سروشتییە، و ھەروەھا ماسولکەکان بە ھێز دەکەن .
7- بەکارھێنانی ھەندێک کرێم و زەیتی ڕووەکی بۆ مەساج کردنی شوێنی ئازار و گرژبوونەکە . وەکو: ئەو کرێمانەی مادەی( کاپسساسین) یان تیادایە کەلەبیبەری سوردا ھەیە ، یان ماددەی مێنتۆڵ . ھەروەھا زەیتی ڕووەکی وەک زەیتی نەعنای سەوز ، زەیتی زەیتون ، زەیتی زەنجەفیل ، زەیتی گوڵە لاڤێندەر .
- شێوازی تازه‌ی چاره‌سه‌رکردن :
ئه‌گه‌ر نه‌خۆش به شێوازی په‌یڕه‌وکراو چاره‌سه‌ری بۆ نه‌کرا ئه‌وا ئه‌م ڕێگه تازانه هه‌یه :
1- لێدانی جۆرێک له ده‌رزی له ژێر ئامێری ڤلۆرۆسکۆپی ، لەگەڵ چارەسەر بە گازی ئۆزۆن : ئه‌م ڕێگه‌یه زۆر سه‌رکه‌وتووه و به‌نجی ناوێت و دوای یه‌ک سه‌عات نه‌خۆش ده‌ڕواته ماڵه‌وه و ڕۆژی دواتر ده‌توانێت ئیش و کاری ڕۆژانه‌ی خۆی ئه‌نجام بدات، بۆماوەی (٦مانگ- ساڵێک ) ئازارەکەی نامێنێت و ئەگەر بەردەوام بێت لەسەر وەرزش و ڕێنماییەکان بە دەگمەن ئازارەکە دەگەڕێتەوە .
2- چاره‌سه‌ر به ئامێری تەرەدوودی حەراری ( radiofrequency) ، کە زیاتر بۆ داخورانی جومگەی نێوان بڕبڕەکان دەکرێت و یەکێکە لە تازەترین ڕێگە چارەکان ، که ده‌رئه‌نجامی خراپه‌ی نیه .
٣- ئەنجامدانی لەیزەر و ئۆزۆن بۆ دیسکەکە و لابردنی فشاری دەوری دەمارەکان و پاک کردنەوەی کەناڵی دڕکە پەتک کە لەژێر ئامێری فلۆروسکۆپی دا ئەنجام دەدرێت و بەنجی مەوزوعی و مانەوەی ناوێت لەنەخۆشخانە .
۳ ـــ لابردنی به‌شێک له کڕکڕاگه زیان پێ که‌تووه‌که بێ نه‌شته‌رگه‌ری له ژێر ئامێری ڤلۆرۆسکۆپی : ئه‌م ڕێگه‌یه زۆر سه‌رکه‌وتووه و به‌نجی ناوێت و دوای یه‌ک سه‌عات نه‌خۆش ده‌ڕواته ماڵه‌وه و ڕۆژی دواتر ده‌توانێت ئیش و کاری ڕۆژانه‌ی خۆی ئه‌نجام بدات .
٤- نەشتەرگەری .
چ کاتێک نەشتەرگەری پێویستە بۆ ئینزلاقی دیسک ؟
1- لەکاتی لەدەستدانی کۆنترۆڵکردنی میز و پیسایی .
2- لەکاتی پووکانەوەو بێھێزی ماسولکەکانی قاچ و ڕان .
3- لەکاتی دروست بوونی حاڵەتێک کە بە (foot drop)ناسراوە ، کەتیایدا پێیەکان تۆنیان لە دەست دەدەن و شل دەبن ھەروەھا بە عەرەبی پێدەوترێت (سقوط قدم).