ئەمریكا چەكێكی "مەترسیدار" رەوانەی ئۆكراینا دەكات

جیهان

07/07/2023     ژمارەی بینراو 401

راچڵەكین -

ئیدارەی ئەمریكا بڕیاریدا بۆمبی هێشوویی رەوانەی ئۆكراینا بكات بەمەبەستی بەكارهێنانی لە شەڕی دژ بە رووسیا، بەرپرسێكی ئەو وڵاتەش رایدەگەیەنێت، حكومەتی كیێڤ بەڵێنیان داوە بە هۆشیارییەوە ئەو جۆرە چەكە بەكاربهێنن، بۆئەوەی مەترسی لەسەر هاووڵاتیانی مەدەنی دروستنەكات.

ئەمڕۆ هەینی، كۆشكی سپی بڵاویكردەوە، ئیدارەی ئەمریكا بڕیاریداوە لەچوارچێوەی پاكێجەكانی هاوكاری سەربازیی بۆ ئۆكراینا، چەندین جۆر چەكی نوێ رەوانەی ئەو وڵاتە بكات، لەوانەش بۆمبی هێشوویی، كە چەكێكی مەترسیدارە.

چیك سۆلیڤان، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، لە لێدوانێكدا رایگەیاند: بڕیاری رەوانەكردنی بۆمبی هێشوویی بۆ ئۆكراینا، لەدوای گفتوگۆكردن لەگەڵ هاوپەیمانەكانمان هات، كە هەندێكیان رەزامەندییان لەسەر دەربڕیوە.

وتیشی:" بەرپرسانی ئۆكراینا بەڵێنیان داوە بۆمبی هێشوویی بەهۆشیارییەكی زۆرەوە بەكاربهێنن، بۆئەوەی زیان بە هاووڵاتیانی مەدەنی نەگات".

پێشتریش میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردبووەوە، جۆ بایدن بڕیاریداوە هەزاران بۆمبی هێشوویی رەوانەی ئۆكراینا بكات بۆ بەكارهێنانی لەشەڕی دژ بە رووسیا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن