شارێكی عیراقی تێدایە.. 10 گەرمترین شارەكانی جیهان

ڕاپۆرت

13/07/2023     ژمارەی بینراو 387

راچڵەكین- 

لە ئەمریكا و مەكسیكەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتانی تری ڕۆژهەڵات - لەنێویاندا عێراق و 4 وڵاتی دیكە، زۆرێك لە ناوچەكانی جیهان شەپۆلێكی گەرمای بەتین بەخۆوەدەبینن كە لە هەندێك كاتدا بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی ژمارەیەك كەس. 

هەندێك وڵات بەرزبوونەوەیەكی پێوانەیی پلەكانی گەرما بەخۆوەدەبینن كە 50 پلەی سەدیان تێپەڕاندووە، ئەمەش بە بۆچوونی شارەزایان، قەتیسبوونی گەرما یەكێكە لە هۆكارەكانی.

لە ساڵی 2022دا تێكڕای پلەی گەرمای جیهان گەیشتە 1.15 پلەی سەدی لە سەرووی تێكڕای ساڵانی ١٨٥٠-١٩٠٠.

سەبارەت بە ڕەوتی ئێستای سیاسەتی كەشوهەوا، هەسارەكە تا كۆتایی سەدە 2.8 پلەی سەدی گەرمتر دەبێت، بەپێی پانێڵی ڕاوێژكاری زانستی كەشوهەوا لە پانێڵی نێوان حكومەتەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گۆڕانی كەشوهەوا.

ئەمەی خوارەوە لیستێكە  كە 10 گەرمترین شاری جیهان لەخۆدەگرێت و بەرزترین پلەی گەرمایان لە مێژوودا تۆماركردووە. 

پلەی دەیەم: جددە - سعودیە

جددە شوێنی خۆی بۆ تۆماركردنی بەرزترین پلەی گەرما لە لیستی گەرمترین شوێنەكانی گۆی زەوی داگیركردووە، دوای ئەوەی لە 22ی حوزەیرانی 2-10 پلەی گەرما تێیدا 52 پلەی سەدی تۆماركرد.

پلەكانی گەرما ژمارەیەكی پێوانەیی تۆماركرد لە شارەكەدا، كە 51 پلەی سەدی تێپەڕاند و چەند ڕۆژێك پێشتر ئەو پلەیە لە شاری عەشای دراوسێی تۆماركرابوو.

پلەی نۆیەم: مێكسیكالی - مەكسیك

لە 28ی تەمموزی ساڵی 1995 لە دۆڵی مێكسیكالی پلەی گەرما، 52 پلەی سەدی تۆماركرا، بەمەش نۆیەمین گەرمترین پلەی گەرمای تۆماركراوە لە هەموو  ناوچەكانی گۆی زەوی. 

شارەكە دەكەوێتە باكووری ویلایەتی باهای كالیفۆرنیا لە باكووری مەكسیك و بە گەرمی ناوبانگی دەركردووە و یەكێكە لە شارە هەرە گەرمەكانی  مەكسیك.

پلەی هەشتەم: شاری جەزیرە - ئیمارات

بەرزترین پلەی گەرما لە شارەكەدا لە مانگی تەمموزی ساڵی 2002 تۆماركراوە كە 51.1 پلەی سەدی بووە.

لە مانگی تەمموزی ساڵی 2013 پلەی گەرمای پێوانەیی لە شارەكەدا جارێكی دیكە گەیشتە 51.2 پلەی سەدی.


پلەی حەوتەم: تربت-پاكستان

بەرزترین پلەی گەرمی تۆماركراو لەو ناوچەیەدا لە 28ی ئایاری 2017دا بوو كە 53.7 پلەی سەدی بووە، فەرمانگەی كەشناسی جیهانی پشتڕاستی كردەوە كە پلەی گەرمی تۆماركراو لە تربت چوارەم بەرزترین پلەی گەرمایە كە تا ئێستا تۆماركرابێت. 

تربت بە یەكێك لە گەورەترین و گەرمترین شارەكانی پاكستان ناسراوە و دەكەوێتە باشووری ڕۆژئاوای بەلوچستان لەسەر ڕووباری كیش.

پلەی شەشەم: بەسرە - عێراق

بەسرە یەكێكە لە گەرمترین شارەكانی ڕۆژهەڵاتی عیراق و لە 22ی تەمموزی 2016دا پلەی گەرما تێیدا گەیشتە 53.9 پلەی سەدی. 

شارەكە كە دەكەوێتە سەر شەتولعەرەب، یەكێكە لە شارە گەورەكانی عیراق و دانیشتوانەكەی دەگاتە ملیۆنێك و 500 هەزار كەس. 

پلەی پێنجەم: موترەبە - كوێت

كەوانەیەكی وشكە لە باكووری كوێت و وێستگەیەكی كەشناسی تێدایە، پێنجەم بەرزترین پلەی گەرمای لە جیهاندا تۆماركرد  كە 53.9 پلەی سەدی بوو لە  21ی تەمموزی 2016، ئەو پلەیە لەو دەمەدا بە بەرزوترین پلەی گەرمای تۆماركراو لە جیهاندا ئەژماركرا. 

پلەی چوارەم: تیرات تسڤی - ئیسرائیل

ئەو شارەی ئیسرائیل  نزیكە لە سنوورەكانی ئوردن و لە 21ی حوزەیرانی 1942 پلەی گەرمی پێوانەیی تۆماركرد كە گەیشتە 54 پلەی سەدی.

ئیسرائیل لەلایەن سەنتەرەكانی كەشناسی جیهانییەوە لەچوارچێوەی وڵاتانی ئەوروپا پۆلێن كراوە، بەو پێیە بەرزترین پلەی گەرمای لە كیشوەرەكەدا تۆماركردووە. 

پلەی سێیەم: ئەهواز-ئێران

ئەو شارە دەكەوێتە باشووری ڕۆژئاوای ئێران، لە 29ی حوزەیرانی 2017 لە نێوان كاتژمێر 4:51ی پاشنیوەڕۆ تا 5ی ئێوارە بە كاتی ناوخۆ، پلەی گەرما تێیدا گەیشتە 54 پلەی سەدی. 

ژمارەی دانیشتووانی شاری ئەهواز نزیكەی ملیۆنێك و 300 هەزار كەسە و مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەخمینییەكان، شارەكە بە نۆ پردی بەناوبانگە، بەتایبەت پردی ئەسوەد و پردی عەباسی.

پلەی دووەم: قەبائیل-تونس

لە 7ی تەمموزی ساڵی 1931 بەرزترین پلەی گەرمای لە كیشوەری ئەفریقا تۆماركرد، ئەمەش بەگوێرەی دەزگای كەشناسی نێودەوڵەتی كە پلەی گەرما تێیدا لەو دەمەدا گەیشتە 55 پلەی سەدی و ناوی لە كتێبی گینس تۆماركرا. 

بەبێ‌ رەچاوكردنی بەرزی پلەكانی گەرما كە پێوانەیین، قەبائیل یەكەم شوێن بوو لە تونس كە نزیكەی 200 هەزار ساڵ لەمەوبەر لە چاخی كۆنی بەردین مرۆڤ تێیدا نیشتەجێ بوو.

پلەی یەكەم بریتییە لە: شیوی مەرگ-ئەمریكا

گەرمترین شوێنە لەسەر گۆی زەوی، دەكەوێتە ویلایەتی كالیفۆرنیا و لە 10ی تەمموزی 1913،  56.7 پلەی سەدی تۆماركرد. 

لە مانگەكانی هاویندا تێكڕای پلەی گەرمای ڕۆژانەی شارەكە 45 پلەی سەدییە.

ئەو پلەیە تەنیا بۆ پلەی گەرمی هەوایە، بەجۆرێك پلەی گەرمای سەر زەوییەكەی زۆر لەوە زیاترە. 

لە 15ی تەمموزی ساڵی 1972دا لە شيوی مەرگ پلەی گەرما گەیشتە 93.9 پلەی سەدی كە تەنیا چەند پلەیەك لە خاڵی كوڵانی ئاو كەمتر بوو. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن