گەرما جیهانی هەراسان كردووە

ڕاپۆرت

17/07/2023     ژمارەی بینراو 227

راچڵەكین- 

ئەو شەپۆلە گەرمایەی جیهانی گرتەوە، هەموو شتەكانی ئاوەژوو كردەوە، چالاكییە ئاساییەكانی لە هەندێك وڵاتدا چالاكیی گەشتیاریی تێكدا، بەڵام بەشێك لە سەركیشەكان سەرپێچییان لەو بارودۆخە سەختانە كرد و چوونە دۆڵی مەرگ، لەوێ هەستیان كردووە "لەناو فڕنەكەدان. 

دوورگەیەكی ئیسپانیا: شتەكان لە كۆنتڕۆڵ دەرچوون
تیمەكانی ئاگركوژێنەوە كێشەیان هەبوو بۆ كوژاندنەوەی ئەو ئاگرانەی لە دوورگەی لا پاڵمای سەر زەریای ئەتڵەسی كەوتنەوە، دوای ئەوەی ئاگرەكان لە ژێر كۆنتڕۆڵ دەرچوون، دەسەڵاتداران ناچاربوون زیاتر لە چوار هەزار كەس لە دوورگەكە دەربكەن.  

ئاگرەكە چەند كاتژمێرێك لە بەرەبەیانی ئەمڕِۆ  شەممە، لە ناوچەیەكی دارستان و پۆش و پاوەن لە باكووری دوورگەكە كەوتەوە. 

دەسەڵاتداران هۆكاری ئاگركەوتنەوەكانیان بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما گەڕاندەوە  كە دوورگەكەی گرتووەتەوە. 

رۆما لەباری نائاساییدایە
پلەی گەرمای زیاتر لە ٤٠ پلەی سەدی لە هەندێك وڵاتدا بە ئاسایی دادەنرێت، بەڵام هۆكارێك بوو بۆ ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە چەند ناوچەیەكی ئیتاڵیا، لەنێویاندا رۆمای پایتەخت.

پەیجی فەرمی شارەوانی رۆما هۆشداریدا لە مەترسی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما لە شارەكە و رایگەیاند، هۆشداری ئاستی سێ تا ڕۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت.

شارەوانی گرتەیەكی ڤیدیۆیی چۆنیەتی كاركردنی ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شەپۆلی گەرما و ئامۆژگاری بۆ دانیشتووان بڵاوكردەوە.

كاریگەری بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەسەر سیمای گەشتیاران لە ئیتاڵیا دیار بوو، هەر كەرەستەیەكیان لەبەردەستدا بوو بە مەبەستی هەواگۆڕكێی دەموچاویان و كەمكردنەوەی بەتینی گەرما بەكاردەهێنا، هەروەها چەتریان بەكارهێنا بۆ خۆپاراستن لە تیشی خۆر.

ئاستی رووبارەكان دابەزین
تۆڕی "سكای نیوز"ی بەریتانی باسی لایەنێكی دیكە كە كاریگەری شەپۆلی گەرما كرد لە ئیتاڵیا و رایگەیاند، شەپۆلی گەرما بووەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی ئاستی ڕووباری تیبەر، ئەمەش شوێنەوارە كۆنەكانی سەردەمی ڕۆمای كۆنی دەرحستووە كە هەندێكیان مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر. 

لە گرنگترین شوێنە گەشتیارییەكان
لە پایتەختی یۆنان، دەسەڵاتداران بەهۆی شەپۆلی گەرماوە بەناوبانگترین شوێنەواری ئەكرۆپۆلیسیان لە ئەسینای پایتەخت داخست.

بۆ دۆڵی مەرگ

بە پێچەوانەی زۆربەی مرۆڤەكانەوە كە خۆیان لە گەرمای سووتێنەر بەدوور دەگرن، گەشتیارە سەركێشەكان دەچوونە دۆڵی مەرگ لە ئەمریكا بۆ ئەوەی لە گەرمایەكی هاوشێوەی نێو فڕندا خۆیان ببینەوە. 

ئاژانسی ڕۆیتەرز گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە كە تێیدا ئەزموونی ئەو گەشتیارانە لەو دۆڵە دەخاتەڕوو كە دەكەوێتە ویلایەتی كالیفۆرنیا، گەشتیارەكان  لەڕێی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانیانەوە  پیشانی دەكەن كە  پلەی گەرما لە دۆڵی مەرگ گەیشتووەتە ٥٤ پلەی سەدی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن