وەزارەتی دارایی چەند بڕیارێكی نوێ دەردەكات

کوردستان

09/04/2020     ژمارەی بینراو 9350

راچڵەكین

لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم، چەند بڕیارێكی نوێ دران، گرنگترینیان كاراكردنەوەی سندوقی خانەنشینی و كردنەوەیەكی ئەژمێرەیەكی كەسی بۆ سەرجەم موچەخۆران.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم، راگەیاندراوێكی لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزارەتەكە بڵاوكردەوە، تیایدا سەرجەم ئەو بڕیارانەی ئاشكراكردووە كە ئەمڕۆ دەراون.

دەقی راگەیاندراوەكە:
 
ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕێكەوتی (٩/٤/٢٠٢٠) بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامەكانی، ئەنجومەنی وەزارەتی دارایی وئابوری بەسەرپەرشتی بەڕێز ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆبونەوەی ژمارە (٤)ی ئاسایی خۆی بە شێوازی ئۆنلاین ئەنجامدا. 
لە دەستپێكی كۆبونەوەكەدا، وەزیری دارایی وئابوری، دەستخۆشی لە ستافی وەزارەتی دارایی وئابوری كرد كە هاوشانی براو خوشكەكانیان لە وەزارەتەكانی تەندروستی و ناوخۆ و پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایش، كە بەردەوام بوون لە دەوامكردن و راییكردنی كارەكانی وەزارەت بە باشتریین شێوە، هەروەها باسی لەناوەرۆكی یەكەم كۆبونەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە ئەنجومەنی وەزیران كرد كە دوای پەسەنكردنی پەیرەوی یاسای چاكسازی ئەنجامدرا.
 
لەژێر رۆشنایی راسپاردەكانی لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، وەزیری دارایی و ئابوری بریاریدا لەسەر:

١- كاراكردنی سندوقی خانەنشینی لەهەرێمی كوردستاندا و كردنەوەی ئەژمێرەیەكی تایبەتی بانكی بۆ ئەو سندوقە.

٢- بەرێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی راسپێردرا لەسەر ئامادەكردنی پەیكەری نوێی بەرێوەبەرایەتی گشتی خانەنشین،  كە دەبێتە تاكە بەرێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینان لەهەرێمدا، بەشێوەیەك گشت خانەنشینانی (شارستانی، سەربازی، هێزەكانی ئاسایش و پۆلیسی ناوخۆ، یەكە رێكنەخراوەكانی هێزەكانی پێشمەرگە) لەخۆدەگرێت.

٣- بەرێوەبەرایەتی گشتی ژمێركاری راسپارد بۆ هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پیشمەرگە، بۆ ئەوەی هەنگاوی پێویست بگرنە بەر بەمەبەستی یەكخستن و رێكخستنی یەكەكانی ژمێریاری هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان.
 
٤- بڕیاردرا لەسەر پەیڕەوكردنی میكانیزمێكی گونجاو بۆ لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم كردنەوەی ئەژمێرەیەكی كەسی بۆ سەرجەم موچەخۆران.

٥- ئامادەكردنی رێكارە یاسایی و كارگێرییەكان، بۆ وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانیەكان.

٦- بڕیاردرا لەسەر هەماهەنگی تەواو لەنێوان لیژنەی باڵای وەزارەتی دارایی و ئابوری تایبەت بە  جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لەگەڵ سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەكان لە پێناو جێبەجێكردنی خێرای یاساكەدا.
 
وەزارەتی دارایی و ئابووری
٩/٤/٢٠٢٠

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن