سەندیكای پزیشكانی عێراق دوو هۆكار بۆ زیادبوونی توشبووانی كۆرۆنا ئاشكرا دەكات

عێراق

09/04/2020     ژمارەی بینراو 530

راچڵەكین

سەندیكای پزیشكانی عێراق دوو هۆكاری سەرەكیی و گرنگ بۆ زیادبوونی ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو وڵاتە ئاشكرا كردو راشیگەیاند: یەكێك لەم دوو هۆكارە، دەبێتە هۆی دواخستنی كەمبوونەوەی ڤایرۆسەكە.

د. جاسم عەزاوی وتەبێژی سەندیكای پزیشكانی عێراق، رایگەیاند: لەدوای 5 -6 رۆژ لە توشبوونی مرۆڤ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەوكات ئاشكرا دەبێت كە تووشی كۆرۆنا بووە، ئەمەش وادەكات چوونە دەرەوەی هاوڵاتیان، ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكەو گواستنەوەی لە كەسی توشبووەوە بۆ كەسانی تەندروست بەبێ ئەوەی هەستی پێبكات.

وتیشی: تۆماركردنی توشبووانی كۆرۆنا بۆ دوو هۆكار دەگەڕێتەوە، هۆكاری یەكەم چوونە دەرەوەی هاوڵاتیان و پابەندنەبوونە بە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ، هۆكاری دووەمیش فراوانكردنی پرۆسەی رووماڵی مەدیانییە، كە یارمەتدەر بووە بۆ دۆزینەوەی زۆرێك لە توشبووانی ڤایرۆسەكە.

وتەبێژی سەندیكای پزیشكانی عێراق، مەترسی خۆیشی نیشاندا لەوەی شكاندنی قەدەغەی هاتووچۆ لەلایەن هاوڵاتییانەوە، ببێتە هۆی زیادبوونی حاڵەكانی توشبوون بە كۆرۆنا لە وڵات و رایگەیاند: ئەم كارە مەترسییەكی گەورە لەسەر هاوڵاتیان دروستدەكات و دەبێ بەری پێبگیرێت.

وتیشی: ئێستا عێراق بە قۆناغی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە تێدەپەڕێت و ناكرێ پشت بەو گریمانە ببەستین كە پەتاكە لە كۆتایی ئەم مانگەدا روو لە كەمبوونەوە دەكات، تەنها مەگەر هاوڵاتیان بە تەواوەتی پابەندی قەدەغەی هاتووچۆ ببن.

لەبارەی دۆزینەوەی چارەسەری كۆرۆناش، دكتۆر د. جاسم عەزاوی روونیكدرەوە، دۆزینەوەی هەر چارەسەرو پێكوتەیەك بۆ بنبڕكردنی كۆرۆنا، ماوەیەكی زۆری پێدەچێت، كە لەوانەیە بگاتە 6 مانگ.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن