ژمارەی قوربانیانی كۆرۆنا لە وڵاتێكی ئەوروپی 15 هەزاری تێپەڕاند

جیهان

09/04/2020     ژمارەی بینراو 304

راچڵەكین

لە ئیسپانیا ژمارەی توشبووانی كۆرۆناو گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسەكەوە روو لە هەڵكشانەو لە ٢٤ كاتكۆی رابردوودا،683 تووشبووی دیكە گیانیان لەدەستداوەو كۆی گشتیی گیانلەدەستدانیش لەو وڵاتە بۆ 15 هەزار و 238 كەس بەرزبووەتەوە.

وەزارەتی تەندروستیی ئیسپانیا لە راگەیەندراوێكدا، دوایین ئامارەكانی تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنای بڵاوكردەوە، بەپێی راگەیەندراوەكە ژمارەی حاڵەتەكانی گیانلەدەستدان و تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا كە لە دوو رۆژی رابردوودا كەمێك هەڵكشانی بەخۆوە بینیبوو، ئەمڕۆ 94-2020 دووبارە رووی لە داكشان كردەوە.

ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە بەراورد بە دوێنێ، پێنج هەزار و ٧٥٦ حاڵەت زیادیكردووە و بووەتە ١٥٢ هەزار و٤٦٦ كە ٤٣ هەزار و ٨٧٧یان لە مەدرید بوون.

هەر لە ٢٤ كاتكۆی رابردوودا، چوار هەزار و ١٤٤ كەس چاكبوونەتەوە و بەمەش ژمارەی ئەو كەسانەی لە ئیسپانیا توانیویانە بەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) سەربكەون گەیشتووەتە ٥٢ هەزار و ١٦٥ كەس.

لای خۆشیەوە سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتە، پیدرۆ سانچێز لە میانی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان لەبارەی درێژكردنەوەی باری نائاساییەوە گوتەیەكی پێشكەش كرد و رایگەیاند: "كۆنتڕۆڵكردنی ڤایرۆسەكە دەستیپێكردووە. لەسەرەتادا رێژەی توشبوون سەدا ٢٢بوو بەڵام لە ئێستادا رێژەكە بۆ سەدا چوار كەمیكردووە".

سانچێز جەختی لەوەش كردەوە كە تا پێكوتێكی یەكجارەكی نەدۆزرێتەوە بۆ ڤایرۆسەكە جیهان ناگەڕێتەوە باری ئاسایی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن