گۆڕی خانمە سەماكاری كورد لەیلا بەدرخان لە گۆڕستانێكی پاریس دۆزرایەوە

هەمەڕەنگ

30/07/2023     ژمارەی بینراو 808

راچڵەكین-

لەگۆڕستانی ساینت – كلاود لەپاریس-ی پایتەختی فەڕەنسا، گۆڕی خانمە سەماكاری كورد لەیلا بەدرخان دۆزرایەوە.

پەرڤین چاكار، خانمە هونەرمەندی كورد، لە تویتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە:"  لە ئەنجامی گەڕان و توێژینەوەیەكی چڕدا، گۆڕی شازادەی سەمای مۆدێرنی بالێ (لەیلا بەدرخان) لە گۆڕستانی ساینت-كلاود لە پاریس دۆزراوەتەوە."

لەیلا بەدرخان، لە ماوەی ژیانی هونەریدا زۆرجار وەك شازادەیەكی كورد یان ئەستێرەیەكی كورد ناسێندراوە. دوای جەنگی جیهانی دووەم بڕیاریدا كۆتایی بە ژیانی پیشەیی خۆی وەك سەماكاری بالێ بهێنێت و قوتابخانەیەكی سەمای لە پاریس كردەوە.

بە گوێرەی وێنەی سەر گۆڕەكەی، لەیلا بەدرخان ساڵی 1907 له ئەستەنبوڵ لەدایكبووه و له مێژووی كوردستاندا یەكەمین كچی كوردە، كه له بواری هونەردا دەركەوتووه.

 لەیلا بەدرخان له بنەماڵەی تێكۆشەری بەدرخانییەكانه و كچی عەبدولرەزاق بەدرخان و كچەزای بەدرخان پاشایه. ساڵی 1913 دوای دەرچوونی بڕیاری قڕكردنی بنەماڵەی بەدرخانییەكان، لەیلا له تەمەنێكی زۆر بچووكیدا لەگەڵ دایكی ناچاردەبن له ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی عوسمانی كۆچ بكەن و رووبكەنه میسر و تەمەنی منداڵی لەو وڵاتە بەسەربردووه.

دوای جەنگی یەكەمی جیهانی،  لەیلا بەدرخان چووەته ئەوروپا و لەوێ له وڵاتی سویسرا خوێندوویەتی، له ئەڵمانیاش پەیمانگای هونەری بالێی تەواوكردووه و پاشان له وڵاتی فەرەنسا نیشتەجێ بووه و هەر لەوێ لە ساڵی 1986 لە پاریس كۆچی دوایی كردووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن