هۆكاری پەلامارە تیرۆریستییەكەی داعش ئاشكرا دەكرێت

عێراق

09/04/2020     ژمارەی بینراو 152

راچڵەكین

دوو ئەندامی كورد لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومنی نوێنەران، بەدواداچوون بۆ پەلامارە تیرۆریستییەكەی داعش بۆسەر هێزەكانی پێشمەرگە لە كوڵەجۆ دەكەن و ئۆباڵەی دەخەنە ئەستۆی وەزارەتی بەرگری، كە كەمتەرخەم بووە لە پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی لە سنورەكانی نێوان پێشمەرگە و هێزە عیراقییەكان دروستبووە.

هەریەك لە ناسڕ هەركی بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق و هەرێم كەمال ئاغا ئەندامی لیژنەكە، روونكردنەوەیەكیان سەبارەت بە هێرشی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر پێشمەرگە لە ناحیەی كوڵەجۆ، ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران كردووەو تیایدا  رایانگەیاندووە، كە بەپێی بەدواداچوونەكانیان، یەكێك لەگرفتە سەرەكییەكانی دروستبوونی زەمینەی گەراكردنی تیرۆرستان و پەلاماردانی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە عیراقییەكان، بوونی ئەو بۆشایەیە كە لەنێوان هێزە عیراقییەكان و پێشمەرگە لەناوچەكە دروستبووە و بۆتە هۆكاری گەشەكردنی گروپەكان و سازبوونی دەرفەتی پەلاماردان.

ئاماژەی بەوەشكردووە كە لیژنەیەكی هاوبەشی نێوان هەرێم و بەغدا سەردانی سنورەكانی نێوان هێزی پێشمەرگەو هێزە عیراقییەكانیان كردووە لە ماوەی رابردوو روپێوێكیان كردووە بەدرێژایی 500 كیلۆمەتر لەخانەقینەوە تا دەگاتە سحێلا، هەموو ئەو شوێنانەیان دەستنیشانكردووە كە ئەگەری دزەكردنی تیرۆرستانی لێدەكرێت.

ئەو دوو پەرلەمانتارە كوردە، هۆكاری سەرەكی پەرەسەندن و زیاتربوونی پەلامارە تیرۆرستییەكانی داعشیان گەڕاندووەتەوە بۆ كەمتەرخەمی وەزارەتی بەرگری عێراق و پڕنەكردنەوەو چارەسەرنەكردنی ئەو بۆشاییەی كەلە سنورەكانی نێوان پێشمەرگە و هێزە عیراقییەكان دروستبووە.

داواشیان لە سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەتی عێراق كردووە، بەزوترین كات لیژنەكانی ڕابردوو دەستبەكارببنەوەو هەنگاوی كرداری بنرێت بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە، بۆئەوەی لە ڕۆژانی داهاتوو تیرۆرستان پەلاماری سەنگەرەكانی پێشمەرگە یان هێزە عیراقییەكان نەدەنەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن