قەیرانی پیسبوونی ژینگە هەڕەشەیەكی جددی بۆ سەر دانیشتوانی هەرێمی كوردستان دروستدەكات

ڕاپۆرت

08/08/2023     ژمارەی بینراو 327

راچڵەكین -

هەوڵەكان بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان بەردەوامە، بەڵام كێشە ژینگەییەكانی وەك، خراپ بەكارهێنانی ئاو، كەلوپەلی سەفەری، موەلیدە، زۆربوونی ئۆتۆمبێل، پاڵاوگە و كارگەكان، خراپی كوالێتی بەنزین، پاشماوەی زبڵ و خاشاك و كەمیی رێژەی سەوزایی، هەڕەشەی جددین بۆ سەر ژینگەی هەرێمی كوردستان.

پیسی ژینگە، لە نێوان گرنگی پێنەدان یان ناكارایی سیاسەتەكانی هەرێم، قەیرانێكی ناوچەیی لێكەوتووەتەوە، لە پاڵ بەبیابانبوون و گۆڕانی ئاو و هەوا كە هەڕەشە لەسەر كۆی پرسی ژینگە لە هەرێم و عیراق دەكات، فاكتەرەكانی دیكەی پیسبوونی ژینگە وەك كەمبوونەوەی سەرچاوەكانی ئاو، بوونی پاڵاوگە و كارگەكان، خراپی كوالێتی بەنزین، پاشماوەی زبڵ و خاشاك و كەمیی رێژەی سەوزایی، بوونەتە مەترسییەكی جیددی و هەڕەشە لە داهاتووی ژینگەی ناوچەكە دەكات.

بە پێی زانیارییەكان، عیراق یەكێكە لەو پێنج وڵاتەی كە كەوتووەتە ژێر كاریگەریی گەورەی گۆڕانی ئاو و هەواوە و بە شێوەیەكی مەترسیدار ساڵانە 100 هەزار دۆنم زەویی بەپیت لەدەستدەدات و دەبێتە بیابان.

بە مەبەستی كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی گۆڕانی ئاو و هەوا، لە هەرێمی كوردستان چەند رێكارێكی وەك، دروستكردنی بەنداو و پۆند بۆ گلدانەوەی ئاو گیراوەتەبەر و بەوتەی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان، ئێستا دروستكردنی 45 پۆند لەژێر جێبەجێكردندایە و لەدوای ئەویش چەند پۆندێكی دیكە دروستدەكرێن، جگە لە ژمارەیەك بەنداوی گەورە كە توانای گلدانەوەی 243 ملیۆن مەترسێجا ئاویان هەیە.

هەوڵەكانی ژینگەپارێزیی لە هەرێمی كوردستان

دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە وەك باڵاترین لایەنی بەرپرس لە هەرێمی كوردستان دیاریكراوە. پێشتر دەستەكە لە شێوازی وەزارەت كاری دەكرد و سەرئەنجام لە ساڵی 2010 بوو بە دەستە و ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی كە حكوومەتی هەرێم سەرەڕای بە گرنگی زانینی پرسەكە، بەڵام لە ئاستێكی خوارتر راسپاردنی بۆ ئەركەكان كردووە. ئاشكرایە كە دەستەیەك دەسەڵاتی كەمتر و سنووردارترە لە وەزارەتێك كە دەتوانێت پلانی لە ئاستی وەزارەتێكدا هەبێت و بودجەی بە قەبارەیەكی زیاتر لەبەردەستدا بێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان.

هەروەها بەپێی یاسای ژمارە (20) ساڵی 2008، پاراستن و چاككردنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان - عیراق، لەهەر پارێزگایەكی هەرێمدا ئەنجومەنێك بەناوی (ئەنجومەنی پاراستن و چاككردنی ژینگە لە پارێزگادا) دامەزراوە كە پارێزگار سەرۆكایەتی دەكات و لەكاتی ئامادەنەبوونیشیدا دەسەڵات دراوە بە جێگرەكەی كە ئەركی بەدواداچوونی كێشەكانی ژینگە و دانانی پلانی پاراستن و جێبەجێكردنیەتی.

كێشە ژینگەییەكان لە هەرێم

فاكتەرەكانی تێكدانی ژینگەی هەرێمی كوردستان و، بە واتایەكی دیكە پیسكردنی ژینگە لە هەرێم زۆر زیاتر لە فاكتەرەكانی پاكڕاگرتنی ژینگەن. سەرەكیترین فاكتەری تێكدانی ژینگە لە هەرێمی كوردستان بریتییە لە خراپ بەكارهێنانی سەرچاوە ئاوییەكان كە پەلی كێشاوە بۆ قەیرانێك كە بەردەوام هۆشداری لێدەدرێت. وشكبوونی بیرەئاوە یەك لە دوای یەكەكان و لێدانی بیری چەند سەد مەتری لە هەولێری پایتەختی هەرێم، بۆ یەكەمجار ئاماژەیەكە بۆ گرفتێكی زۆر گەورە كە لە ئایندەیەكی نزیكدا بەرۆكی دانیشتوانی ناوچەكە دەگرێتەوە.

بوونی موەلیدەكانی كارەبا لە گەڕەك و كۆڵانەكانی شار، زۆربوونی ئۆتۆمبێل و كارگەكان كە بەشێكیان دەردراوی پیسیشیان هەیە و لەپاڵ ئەوانەشدا بەكارهێنانی كەلوپەلی سەفەری لەلایەن هاووڵاتیانەوە كە هۆشیاری ژینگەییشیان نییە لەم بارەیەوە، بەشێكی دیكەن لە هۆكارەكانی پیسبوونی ژینگە.

بەهۆی نەبوونی كارگەیەكی ڕیسایكلینەوە، تائێستا پاشماوەی زبڵ و خاشاك لە هەرێم دەخرێتە ژێر گڵ، یان ئاگری تێبەردەدرێت كە لە هەردوو پڕۆسەكەشدا، هێندەی مانەوەی زبڵەكە لەسەر شەقامەكان بۆ ژینگە مەترسیدارن.

سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی پیسی ژینگە

ئەگەرچی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی پەرەپێدانی ئاوی ژێرزەوی ناوچەكان و ژینگەیەكی لەبارتر دەستی بە دروستكردنی بەنداو و گلدانەوەی ئاو كردووە، بەڵام خراپ بەكارهێنانەكەی كاریگەری نەرێنی خۆی هەیە و كۆی پڕۆسەكە رووبەڕووی هەڕەشە دەكاتەوە.

بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان، 10 بەنداو بە قەبارەی گلدانەوەی 243 ملیۆن مەتر سێجا ئاو، لە قۆناغی جێبەجێكردندایە و كارەكانی 41 بەنداو لەڕووی لێكۆڵینەوە و دیزاینكردن تەواو بووە و لە چاوەڕوانی تەرخانكردنی بودجەی پێویستە بۆ جێبەجێكردن و هاوكاتیش ڕەزامەندی لەسەر دروستكردنی 41 پۆند بە چەند قۆناغێك دراوە.

دروستكردنی ئەم بەنداو و پۆندانە بۆ بووژاندنەوەی ئاوی ژێرزەوی سودبەخش دەبێت و هاوكات حكومەتی هەرێم لە هەوڵدایە بۆ زیادكردنی رێژەی سەوزایی لە شارەكان و دروستكردنی پشتێنەی سەوزایی بۆیان.

بەپێی ئامارەكان، لە بەشێك لە شارەكانی هەرێمی كوردستان وەك هەولێر، رێژەی سەوزایی ئاستی ستانداردی خۆی تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە 18%. ئامارە نافەرمییەكانیش باس لە ڕێژەی سەوزایی لەسەدا 13 بۆ دهۆك و لەسەدا 12 بۆ پارێزگای سلێمانی دەكەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن