راچڵەكین-
296لایەنی سیاسی كە خۆیان بۆ بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عیراق لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكاندا تۆماركردووە، تا ئێستا ناوی كاندیدەكانیان پێشكەش بە كۆمیسیۆن نەكردووە.
عیماد جەمیل، سەرۆكی تیمی راگەیاندن لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان، دوایین داتا و زانیاری لەبارەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عیراق خستەڕوو و ڕایگەیاند، تا ئێستا، ٣٧ كەس وەك كاندیدی سەربەخۆ خۆیان بۆ ھەڵبژادنەكانی خۆجێیی عیراقدا تۆمار كردووە و ھێشتا ھیچ پارت و ھاوپەیمانییەك ناوی كاندیدەكانیان پێشكەش بە كۆمیسیۆن نەكردووە و وتی: "بۆیە كۆمیسیۆن، وادەی تۆماركردنی ناو بەربژێرەكانی تا ٢٠ی ئەم مانگە درێژ كردەوە".
عیماد جەمیل لەبارەی ژمارەی ئەو پارت و ھاوپەیمانییانەی كە خۆیان بۆ بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان تۆمار كردووە ئاشكرای كرد، ٢٩٦ لایەنی سیاسی تۆمار كراون كە لەو ژمارەیە ١٩٨یان بە ٥٠ ھاوپەیمانییەوە بەشداری لە پڕۆسەكەدا دەكەن.
سەرۆكی تیمی راگەیاندن لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان راشیگەیاند، دوێنێ یەكشەممە، تۆماركردنی بەربژێرە سەربەخۆكان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كۆتایی ھات و ماوەكە درێژناكرێتەوە و وتی: "لەئیستادا، تەنھا ناوی بەربژێرانی پارت و ھاوپەیمانییەكان لە كۆمیسیۆن تۆمار دەكرێت، ئەوەیش تا ٢٠ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت".
باسی لەوەش كرد، ھاوپەیمانییەكان بەم شێوەیە بەسەر ئەنجوومەنی پارێزگاكان دابەشكراون "١٨ ھاوپەیمانی لە پارێزگای بەغدا، ١٧ ھاوپەیمانی لە پارێزگای ئەنبار، ١٦ھاوپەیمانی لە پارێزگای بەسرە، ١٦ ھاوپەیمانی لە پارێزگای نەینەوا، ١٦ ھاوپەیمانی لە پارێزگای كەركووك، ١٥ ھاوپەیمانی لە واست، ١٤ ھاوپەیمانی لە پارێزگای بابل، ١٤ ھاوپەیمانی لە پارێزگای موسەننا، ١٤ ھاوپەیمانی لە پارێزگای كەربەلا، ١٣ ھاوپەیمانی لە پارێزگای زیقار، ١٣ ھاوپەیمانی لە پارێزگای قادسییە، ١١ ھاوپەیمانی لە پارێزگای دیالە، ١١ ھاوپەیمانی لە پارێزگای نەجەف، ١٠ ھاوپەیمانی لە پارێزگای میسان و ١٠ ھاوپەیمانیش لە پارێزگای سەڵاحەددین.
لەئێستادا، سەرجەم پارت و ھاوپەیمانییەكان دەستیان كردووە بە ئامادەكاری بۆ ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بۆ ئەوەی زۆرترین كورسی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەدەست بھێنن كە ژمارەیان ٢٨٥ كورسییە لەو ژمارەیە ١٠یان بۆ پێكھاتەكان تەرخان كراوە.
عیماد جەمیل لەو بارەیەوە وتی: "ژمارەی كورسییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ٢٨٥ كورسییە كە ٢٠٠یان بۆ پیاو، ٧٥یان بۆ ئافرەت و ١٠ی دیكەیشیان بۆ پێكھاتەكان تەرخان كراوە".
- دابەشكردنی كورسییەكان ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان
لەچوارچێوەی ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، ژمارەی كورسییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەك خۆیان دەمێننەوە كە ٣٢٩ كورسین، بەڵام ژمارەی كورسی كۆتای پێكھاتەكان لە نۆ كورسییەوە زیاد كراون بۆ ١٢ كورسی .
بەپێی دوایین ئامار كە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٩ بڵاوكراوتەوە، بەم شێوەیە دابەش كراون "١٦ كورسی بۆ پارێزگای ئەنبار كە ١٢یان بۆ پیاو و چواریان بۆ ئافرەت تەرخان كراوە، ٢٣ كورسی بۆ پارێزگای بەسرە ١٦یان بۆ پیاو و شەشیان بۆ ئافرەتە لەگەڵ یەك كورسی كۆتا بۆ مەسیحییەكان، ١٤ كورسی بۆ پارێزگای قادسییە كە ١٠یان بۆ پیاو و چواریان بۆ ئافرەتە، ١٢ كورسی بۆ پارێزگای موسەننا كە نۆیان بۆ پیاو و سێیان بۆ ئافرەتە، ١٥ كورسی بۆ پارێزگای نەجەف كە ١١ بۆ پیاو و چواریان بۆ ئافرەتە، ١٨ كورسی بۆ پارێزگای بابل كە ١٣یان بۆ پیاو و پێنجیان بۆ ئافرەتە، ٥٢ كورسی بۆ پارێزگای بەغدا كە ٣٧یان بۆ پیاو و ١٢یان بۆ ئافرەتە لەگەڵ سێ كورسی بۆ پێكھاتەكانی مەسیحی، سابیئەی مەندائی و كوردی فەیلی، ١٥ كورسی بۆ پارێزگای دیالە كە ١١یان بۆ پیاو و چواریان بۆ ئافرەتە، ١٨ كورسی بۆ پارێزگای زیقار كە ١٣یان بۆ پیاو و پێنجیان بۆ ئافرەتە، ١٥ كورسی بۆ پارێزگای سەڵاحەددین كە ١١یان بۆ پیاو و چواریان بۆ ئافرەتە، ١٣ كورسی بۆ پارێزگای كەربەلا كە ١٠یان بۆ پیاو و سێیان بۆ ئافرەتە، ١٦ كورسی بۆ پارێزگای كەركووك كە ١١یان بۆ پیاو و چواریان بۆ ئافرەتە لەگەڵ یوك كورسی كۆتا بۆ مەسیحییەكان، ١٣ كورسی بۆ پارێزگای میسان كە ١٠یان بۆ پیاو و سێیان بۆ ئافرەتە لەگەڵ یەك كورسی كۆتا بۆ پێكھاتەی سابیئەی مەندائی ، ٢٩ كورسی بۆ پارێزگای نەینەوا كە ١٩یان بۆ پیاو و حەوتیان بۆ ئافرەتە لەگەڵ سێ كورسی كۆتا بۆ پێكھاتەكانی مەسیحی، ئێزدی و شەبەك، ١٥ كورسی بۆ پارێزگای واست كە ١٠یان بۆ پێاو و چواریان بۆ ئافرەتە لەگەڵ یەك كورسی كۆتا بۆ كوردی فەیلی".
سەرۆكی تیمی راگەیاندن لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق، عیماد جەمیل رەتی كردەوە، وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دوابخرێت كە بڕیارە لە ١٨ی كانوونی یەكەمی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت و گوتی: "ئەو دەنگویەی لەبارەی دواخستنی وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا، بڵاوكراوەتەوە، دوورە لە راستییەوە".
پێشتر ئەندامی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جەواد یەساری لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی "سەباح"ی نیمچە فەرمیی رایگەیاندبوو كە بەھۆی ئەوەی لەگەڵ وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، وادەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان، كۆتایی دێت، لەوانەیە پرۆسەكە لە كاتی خۆیدا ئەنجام نەدرێت.
ھەروەھا لای خۆیەوە شارەزا لە كاروباری ھەڵبژاردنەكان لە عێراق، وەلید زەیدی بۆ ھەمان ڕۆژنامە باسی لەوە كردووە كە ئەگەر ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پاریزگاكان لە وادەی خۆیدا ئەنجام نەدرێت و دوا بخرێت، ھۆكارەكەی بۆ ناكۆكییە سیاسییەكان دەگەڕێتەوە، چونكە ئێستا ھەوڵ دەدرێت، ڕەوتی سەدر ڕازی بكرێت، بۆ ئەوەی بەشداری لە ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا بكات.