راچڵەكین-
لە ڕاپۆرتێكدا كە لەلایەن تاتیانا ستانۆڤایا ئامادەكراوە و دامەزراوەی كارنێگی ڕووسیا- ئوراسیا بڵاویكردووتەوە، یەكێك لەو هۆكارانە ئاشكرا دەكات كە وایانكردووە "ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی ڕووسیا بیەوێت خۆی لە یڤگنی پریگۆژین قوتاربكات".
لە گفتووگۆیەكی لەگەڵ گۆڤاری "فۆرین ئەفێرز"، دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی مردنی پریگۆژین لە ڕووداوی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەیەكدا، ڕاپۆرتەكە باس لەوە دەكات كە پوتین خواستی بێلایەنكردنی ئەو كەسانە هەبوو كە یاخیبوونیان لە دژی بەرپاكرد.
هەر لە راپۆرتەكەدا هاتووە"تەنانەت ئەگەر بەڕاستی ڕووداوەكەش بەو شێوەیە بێت كە باس دەكرێت، نوخبە و بەرپرسانی باڵای ڕووسیا وەك كردەوەیەكی تۆڵەسەندنەوە سەیریان دەكەن، چونكە خودی پۆتین ئارەزووی لە وروژاندنی ئەو جۆرە گومانانە هەیە".
ستانۆڤایا چەند هەفتەیەك لەمەوبەر بابەتێكی لە گۆڤاری "فۆرین ئەفێرز"،بڵاوكردبووەوە، كە تێیدا باسی لە زیادبوونی فشارەكان كردبوو لەسەر پوتین، بەتایبەتی دوای یاخیبوونە كورتخایەنەكە و "بێكردەوەیی پوتین" سەبارەت بە لێدوانە ورووژێنەرەكانی پریگۆژین بۆ سوپا، ئەمەش وایكرد سەرۆكی ڕووسیا وەك كەسێكی "بێ دەسەڵات" دەربكەوێت.
"تۆڵەی خۆی كردەوە"
دامەزراوەكە نوسویەتی، پوتین "ڕەنگە تۆڵەی خۆی كردبێتەوە"، دوای هەواڵی كوشتنی پریگۆژین لە نزیك مۆسكۆ، چونكە لە ساڵانی رابردوودا لە چەند بۆنەیەكدا وتوویەتی كە ناپاكەكان دەبێت بمرن، بەجۆرێك مردنەكەیان "دەبێت دڕندانە و ئازار بەخش بێت".
هەرچەندە ڕۆژێك بەسەر كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكەدا تێپەڕیوە كە ناوی پریگۆژین لە لیستی سەرنشینەكانی نێوان مۆسكۆ و سانت پترسبۆرگدا بووە، بەڵام تا ئێستا مۆسكۆ كوژرانی فەرماندەی گروپە چەكدارەكەی پشتڕاست نەكردووەتەوە، هەرچەندە كوژرانی هەر دە سەرنشینەكەی ڕاگەیاندووە، لەگەڵ ئەمەشدا لێكۆڵینەوەیەكی ورد سەبارەت بە پێشێلكردنی یاساكانی گەشتیاری ئاسمانی دەستیپێكردووە.
پوتین بە ئاشكرا قسەی لەسەر كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكە نەكردووە، لەكاتێكدا لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا و لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیە، ڕووبەڕووی گەورەترین مەترسی بۆسەر دەسەڵاتەكەی بووەوە، كاتێك پریگۆژین سەركردایەتی یاخیبوونێكی چەكداری كرد.
لە كاتی یاخیبوونەكەی 23- 24ی حوزەیران، پوتین وتارێكی پێشكەش بە ڕووسەكان كرد و پریگۆژینی هاوپەیمانی پێشووی بە "ناپاك" ناوبرد.
لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا پریگۆژین لەگەڵ شەڕڤانەكانی بەرەو مۆسكۆ بەڕێكەوتن بۆ ئەوەی لە ماوەی 48 كاتژمێردا ژەنەڕاڵە باڵاكان وەلابنێن، ئەمەش سیمایەكی دراماتیكی و مەترسی لەسەر دەسەڵاتی پوتین دروستكرد.
بەر لەوە پریگۆژین چەند مانگێك بوو گلەیی لە شێوازی بەڕێوەبردنی هێرشەكانی نێو ئۆكرانیا هەبوو كە زۆرجار شەڕڤانەكانی سەركردایەتی شەڕەكانیان دەكرد و تێیدا دەبوونە قوربانی.
دوێنێ چوارشەممە 23ی ئابی 2023، دەسەڵاتی فڕۆكەوانی ڕووسیا لیستی ئەو كەسانەی لە گەشتێكی ناوخۆییدا بڵاوكردەوە كە فڕۆكەكەیان لە ئاسمان تێكشكا و كەوتە خوارەوە، لە نێو سەرنشینەكاندا پریگۆژین و دیمیتری ئوتكینی یاریدەری تێدا بوو كە كەسایەتییەكی سێبەر بووە و گومان دەكرێت لە ڕاستیدا كاری بۆ هەواڵگری سەربازی ڕووسیا كردبێت.
لەبارەی سەرنشینەكانی ترەوە، زانیارییەكی وەها نییە، ئەمەش لەكاتێكدایە كە میدیاكانی ڕووسیا باسیان لەوە كردووە، زۆربەیان ئەندامانی گروپی ڤاگنەرن.