راچڵەكین -
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی گەڕانەوەی دەیان خێزانی دیكەی ئێزیدی لە كەمپەكانی پارێزگای دهۆكەوە بۆ زێدی خۆیان لەسنووری قەزای شنگال راگەیاند.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتەكە، ئەمڕۆ هەینی، ئیڤان فایەق جابرو، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق رایگەیاند: 179 ئاوارەی دیكەی ئێزیدی كە نیشتەجێی كەمپەكانی پارێزگای دهۆك بوون، بەشێوەیەكی ئارەزوومەندانە گەڕانەوە زێدی خۆیان لە سنووری قەزای شنگال و ناوچەكانی دەوروبەری.
وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق ئاماژەی بەوەكردووە، گەڕانەوەی ئاوارەكان لەچوارچێوەی پلانێكی وەزارەتەكەیان دێت بۆ كۆتایی هێنان بە كەیسی ئاوارەكان لە عیراق و گەڕاندنەوەی سەرجەمیان بۆ زێدی خۆیان.
ئیڤان جابرو راشیگەیاندووە، پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئاوارە ئێزیدییەكان، بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان و هاوكاریی لایەنە پەیوەندیدارەكانی قەزای شنكال بووە، تەواوی پێداویستییەكانیش بۆ خێزانە گەڕاوەكان دابینكراوە.
پێشتر وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق رایگەیاندبوو، سەدان خێزانی دیكەی ئاوارەی ئێزیدی، لەسەر داوای خۆیان لە كەمپەكانی سنووری پارێزگای دهۆكەوە بۆ زێدی خۆیان لە شنگال گەڕێندراونەتەوە، پرۆسەكەش بەردەوامە بۆ كۆتایی هێنان بە كەیسی ئاوارەكان و داخستنی كەمپەكانی نیشتەجێكردنی ئەو ئاوارانە.