سوودانی رەزامەندی لەسەر جێبەجێكردنی چەند داواكارییەكی بەپەلە بۆ كەركوك دەدات

کوردستان

03/09/2023     ژمارەی بینراو 1677

راچڵەكین -

كۆبوونەوەی نوێنەرانی كەركوك لە ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عیراق كۆتایی هات و پەرلەمانتارێكی یەكێتیش رایدەگەیەنێت، چەندین داواكاریمان لە بەرژەوەندی شارەكە پێشكەشی سوودانی كردو ئەویش رەزامەندی لەسەردا كە بەشێوەیەكی بەپەلە جێبەجێ بكرێت.

دیلان غەفور، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران عیراق، رایگەیاند: كەمێك لەمەوبەر وەك نوێنەرانی كەركوك لە پەرلەمانی عیراق، لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیران كۆبووینەوە، تایبەت بە دۆخی كەركوك و رشتنی خوێنی كوردو شەهیدو برینداركردنی خۆپیشاندەران.

لە كۆبوونەوەكەدا دوای ئەنجامدانی گفتوگۆیەكی چڕ لەبارەی دۆخی كەركوك، هەرسێ پەرلەمانتاری یەكێتی لە بەغدا دیلان غەفور، گەیلان قادرو سەباح حەبیب تاڵەبانی، بە فەرمیی چەند داواكارییەكیان خستە بەردەم سەرۆكوەزیرانی عیراق وئەویش و سیفەتی بەپەلەی پێدا بۆ جێبەجێكردنیان.

لەبارەی لیستی داواكارییەكانیان، دیلان غەفرو وتی:" داوامان كرد سەرجەم دەستگیركراوەكانی كەركوك ئازاد بكرێن و لێپێچینەوە لە خۆپیشاندەران نەكرێت، هەروەها هەڵكوتانە سەر ماڵان لە گەڕەكە كوردییەكان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە رابگیرێت و قەرەبووی كەسوكاری شەهیدو بریندارانی خۆپیشاندانەكەش بكرێتەوە.

پەرلەمانتارەكەی یەكێتی ئاماژەی بەوەشكرد كە یەكێكی دیكە لە داواكارییەكانیان، بریتی بوو لە  ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لە ئەشكەنجەدانی خۆپیشاندەران و دەستگیركراوانی كەركوك.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن