دەستەی مافی مرۆڤ بەدواداچوون بۆ پڕۆسەی ئازادكردنی بەندكراوان دەكات

چاوپێکەوتن

12/04/2020     ژمارەی بینراو 636

كرمانج یونس

راچڵەكین

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە مەبەستی رێگەگرتن كۆمەڵێك رێكاری گرتەبەر و لە داخستنی ناوەندەكانی خوێندن و دواتریش داخستنی دامودەزگاكانی حكوومەت دەستی پێ كرد و قەدەغەكردنی ھاتوچۆیشی راگەیاند و تا ئێستاش بەردەوامە.

رۆژی ٢٨ی شوباتیش، ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی پێكهێنا بە مەبەستی تاتوێكردن و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی حوكمدراوان و راگیراوان لە هەرێمی كوردستان بە مەبەستی دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ ئازادكردنی ژمارەیەك لەو بەندییانە كە دەتوانرێت ئازاد بكرێن.

لە چوارچێوەی كارەكانی ئەنجوومەنی دادوەری و بۆ ئاگاداربوون لە رەوشی زیندانییەكان و دۆسیەكانیان هەفتەی رابردوو، دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان بەمەبەستی بەدواداچوونی كارەكان لیژنەیەكی لە حەفت كەس پێكهێنا و ئەندامێكی لیژنەكەش ئاماژە بەوە دەكات كە پێشووتر بە نووسراوی فەرمیی داوای ئازادكردنی ژمارەیەك لە بەندییەكانیان كردووە لە چوارچێوەی یاسادا و ئێستاش خەریكی هەڵسەنگاندنی بابەتەكەین و چەند میكانزمێكی یاساییمان لەبەردەستە بۆ كاركردن لەسەر پڕۆسەكە.

كرمانج یونس، راوێژكاری دەستەی مافی مرۆڤ و ئەندامی لیژنەكە، رایگەیاند: ''دوای پەیدابوونی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، بیر لەوەكراوە كە بەندیخانە و چاكسازییەكان لەو قەرەباڵغییەی كە هەیە تۆزێك چۆڵبكرێت لە چوارچێوەی رێكاری یاساییدا، دوای ئەوەی دەستەی مافی مرۆڤ بە نووسراوی فەرمیی داوای كرد و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەریی بەیەكەوە بۆ ئەوەی دیراسەی ئەو كەسانە بكەن كە راگیراون و ئەوانەیشی كە حوكمدراون بۆ ئەوەی سەیر بكرێت كە چەند لەوانە دەتوانرێت بە ئازادكردنی بە مەرج ئازاد بكرێت و چەند لەوانە دەتوانرێت بە كەفالە ئازادبكرێت و دەكرێت ئەنجوومەنی وەزیران دەسەڵات بداتە وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی مۆڵەتی ناوماڵ زیاتر بكات، لەگەڵ ئەوەشدا بزاندرێت كە چەند كەس دەمێنێتەوە و راپۆرت بدرێت بە سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و لەوێشەوە بۆ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانین لێبوردنی تایبەت دەربكات."

وتیشی: ''وەكو دەستەی مافی مرۆڤ پێشنیازی ئەوەمانكردووە كە هەندێك میكانیزمی یاسایی بدەین بە حكوومەتی هەرێم و لە هەمانكاتدا بۆ ئەوەی لەگەڵ حكوومەتی عێراق هەماهەنگییەك بكرێت سەبارەت بەو بەندییانەی كە بە یاسای تیرۆر حوكمدراون و لە هەرێمی كوردستانن، رەوانەی بەغدا بكرێنەوە چونكە شوێنی ئەنجامدانی تاوانەكان لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان بووه و شوێنی جوگرافیاشیان بەغدا و ناوچەكانی دیكەی عێراقە‌، بە مەرجێك زەمانەتی ئەوە بكرێت كە ژیانیان سەلامەت بێت چونكە لە هەرێمی كوردستان سزای لە سێدارەدان جێبەجێ ناكرێت و ئەوانەش زۆربەیان بە یاسای دژە تیرۆر حوكمدراون، نەكا رادەستی بەغدا بكرێنەوە و لەوێ لە سێدارە بدرێن، بۆیە ئێستا لەو قۆناغەداین و پێشبینی دەكەین ژمارەی بەندییەكان كەم بێتەوە و ئەمەش كاریگەری زۆرە لەسەر كەمتر بەریەككەوتن و رێگەگرتنە لە بڵابوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا''.

كرمانج یونس، سەبارەت بە ژمارەی ئەو كەسانەی كە كەوتوونەتە ناو چوارچێوەی میكانیزمە یاساییەكە بۆ ئەوەی بتوانرێت ئازاد بكرێت،وتی: ''تا ئێستا ئەو ژمارانەی بەردەستە بۆ نموونە لە پارێزگای دهۆك ژمارەیان ٤٠ كەسە و لە پارێزگای هەولێر تا ئێستا خەریكی ئامار و ژمارەكانن، ئەوانەی راگیرابوون ژمارەیەكی زۆریان ئازادكراون و لە سلێمانی بە هەمانشێوە، پێشبینی دەكرێت تا هەفتەی داهاتوو، لیژنەكەی حكوومەتی هەرێم و ئەنجوومەنی دادوەری كارەكانی خۆی تەواو بكات و ئێمەیش میكانیزمە یاساییەكان پێشكەش بە ئەوان بكەین و بەرزبكرێتەوە بۆ ئەوەی لاینكەم ژمارەیەكی زۆر سوودمەندبن''.

لەبارەی میكانیزمە یاساییەكانیش بۆ ئازادكردنی ژمارەیەك لە بەندییەكان، راوێژكاری دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوەكرد: ''پێنج میكانیزمی یاسایی هەیە، هەندێكیان بە یاسای سزادانی عێراقی یان یاسای وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، یان ئەو هەڵبژاردەی لە یاسادا هەیە بۆ نموونە لە جیاتی بەندكردن پێبژاردنی بۆ دەكرێت یان هەندێكیان بەرزبكرێتەوە بۆ سەرۆكایەتی هەرێم بۆ لێبوردنی تایبەت''. 

ئەو ئەندامەی لیژنەكەی دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ، ئاماژەی بەوەشكرد كە بە كەمكردنەوەی ژمارەی بەندییەكان، ئەوا ئەركی سەر شانی حكوومەتیش لە رووی داراییەوە كەم دەبێتەوە و وتیشی: "هەر بەندییەكان خەرجی رۆژانەی لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان حەفت تا ١٠ دۆلار دەكەوێت، بە ئازادكردنی ژمارەیەك لەوانە باری ئابووری حكوومەتیش باشتر دەبێت".

ناوبراو جەختی لەوەشكرد، چەند ماددەیەكی یاسایی لێبوردن نایانگرێتەوە و لەمبارەیەوەش گوتی: ''لێبوردنی تایبەت لە بنەڕەتدا هەندێك تاوانی بەردەرخستووە وەك تاوانی تیرۆر، بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر، سیخوڕی و چەند تاوانێكی دیكەیە كە لێبوردنی تایبەت نایانگرێتەوە''.

كرمانج یونس، لەبارەی ژمارەی ئەو كەسانەیشی كە بڕیارە دوای هەماهەنگی و دڵنیابوون لە پاراستن و سەلامەتی ژیانیان رادەستی حكوومەتی عێراق بكرێتەوە، وتی: ''باس لەوە دەكرێت كە ژمارەیان ٤٠٠ كەس دەبێت‌، لەگەڵ ئەوەشدا، ساڵێك پێش ئێستا جارێكی دیكە حكوومەتی هەرێم ئەو پێشنیازەی دا بە حكوومەتی عێراق، بەڵام حكوومەتی عێراق ئامادەنەبوو وەریانگرێتەوە بە بیانووی ئەوەی كە بەندیخانەكان پڕن لە بەندی و جێگایان نییە''. 

كرمانج یونس ئەوەشی خستەڕوو كە تا ئێستا چوار سكاڵا لەلایەن بەندییەكان گەیشتووەتە دەستەی مافی مرۆڤ بۆ بەدواداچوونی دۆسیەكەیان و راشیگەیاند كە وردبینی تەواو لە لیستەكەدا دەكەن بۆ ئەوەی مافی هیچ كەسێك نەفەوتێت.

ئەو راوێژكارەی دەستەی مافی مرۆڤ، پێشبینی ئەوەیشی كرد كە هەفتەی داهاتوو پڕۆسەكە تەواو بێت و جەختی لەوەشكردەوە كە تا ئێستا رەوشی تەندروستیی لەناو بەندیخانەكان باشە و هیچ حاڵەتێكی تووشبووش بە ڤایرۆسی كۆرۆنا نەبووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن