بەغدا وردەكاریی ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات

کوردستان

17/09/2023     ژمارەی بینراو 885

راچڵەكین -

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق وردەكاریی رەوانەكردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان بەمەبەستی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران، ئاشكرا دەكات، بەگوێرەی راگەیەندراوێكیش، بڕی دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار بە سێ گوژمە بەشێوەی قەرز رەوانە دەكرێت.

ئەمڕۆ یەكشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سوودانی، كۆبوونەوی ئاسایی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق، لەسەر بنەمای لێكتێگەیشتنە هاوبەشەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵیی و حكومەتی هەرێمی كوردستان و رێككەوتن لەسەر جێبەجێكردنی پابەندییە دەستورییەكان و ناوەڕۆكی یاسای بودجە، بەئامانجی دەستەبەركردنی پارەی نەختینە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆئەوەی بتوانێت مووچەی فەرمانبەران دابەش بكات، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا بانكەكانی رافیدەین و رەشید و (TBI) رابسپێردرێن بۆ پێدانی بڕی دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار بەشێوەی قەرز بە هەرێمی كوردستان.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، بڕە پارەكە لە سەرەتای مانگی ئەیلول بە سێ گوژمەی (700) ملیار دینار رەوانە دەكرێت.

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاریشیدا دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی، بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان، وردبینی لە ژمارەی فەرمانبەران و سوودمەندبووانی مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتی و خانەنشینانی هەرێم و بڕی مووچەكانیان بكەن بەگوێرەی ئەو لیستەی رادەستی وەزارەتی دارایی عیراق كراوە، پرۆسەكەش نابێ لە 30 رۆژ زیاتر بخایەنێت. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن