ڕاچڵەکین سپۆرت -
سێرجیۆ ڕامۆسی بەرگریکاری دێرینی ئیسپانی و یانەی سیڤییا، لە ئەندەلوس، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕووبەڕووی دۆخێکی شۆککەر بووەوە.
ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان لە ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، ڕامۆس لەکاتی بەشداریکردنی لە یارییەکەی چوارشەممەی ڕابردوو لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، بووەتە قوربانی دزییەکی چەکداری لە ماڵەکەیدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، دزەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر سیستمە ئەمنییەکان و گەیشتوونەتە ماڵەکە، کە چوار منداڵەکەی ڕامۆس (تەمەنیان لەنێوان 3 بۆ 8 ساڵ) ئامادەبوون، جگە لە دایک و باوکی.
بەپێی ڕۆژنامەکانی ئیسپانیا، هاوسەری ئەو بەرگریکارە ئیسپانییە لە کاتی ڕووداوەکەدا ئامادە نەبووە، بە هۆکاری پەیوەندیدار بە کارەکەیەوە، لەکاتێکدا تاوانباران بە پارە و کاتژمێری لوکس و زێڕێکی زۆر و جلوبەرگەوە بیناکەیان تاڵان کردووە و پۆلیسیش لێکۆڵینەوەی بۆ کردەوە بۆ ئەوەی هەوڵی دۆزینەوەی دزەکان بدات.
باس لەوە کرا کە سێرجیۆ ڕامۆس خاوەنی ژمارەیەک موڵکە لە شاری سیڤییا، سەبارەت بە خانووە دزراوەکەش ڕووبەرەکەی گەورەیە و کێڵگەیەکی ئەسپی تێدایە، پێشتریش ڕامۆس هاوکارەکانی پێشووی لە پاریس سانجێرمان بانگهێشت کردبوو، وەک ئەشرەف حەکیمی و کیلیان مباپێ.
جێگای سەرنجە سێرجیۆ ڕامۆس (37 ساڵ) لە هاوینی ئەمساڵدا جارێکی دیکە گەڕایەوە یانەی سیڤییا، دوای 18 ساڵ لە ڕۆیشتنی بۆ یانەی ڕیال مەدرید، لەوێشەوە بۆ پاریس سانجێرمان، کە لە ماوەی 2021 تا 2023 بەردەوام بوو.