راچڵەكین -
وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم داوا لە پەروەردەكانی ئەو ناوچانە دەكات كە بایكۆتیان راگەیاندووە، بەزووترین كات دەست بە دەوامكردنی ناوەندەكانی خوێندن بكەنەوە، راشیدەگەیەنێت: دەرئەنجامەكانی بایكۆت لە ساڵانی ڕابردوو زیانی هەبووە و هیچ بوارێكمان نییە گۆڕانكاری لە ساڵنامەی خوێندن بكرێت.
ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە لە راگەیندراوێكدا كە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویكردووەتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە كە مووچە مافی بنەڕەتی مامۆستایانە و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لەهەوڵی بەردەوامی بەدەستهێنانی شایستە داراییەكانی كوردستانە لە حكومەتی عێراقی فیدراڵ.
دەقی راگەیەندراوەكە:
راگەیەندراوێك لە ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردەوە :
مووچە مافێكی بنەڕەتی مامۆستایان و فەرمانبەرانە و ئێمە سوپاسی ڕۆڵی دڵسۆزانەی مامۆستایان دەكەین ، هەموو لایەكیش دۆخی دارایی ئێستای كوردستان و هۆكارەكانی دروست بوونی ئەو دۆخە دەزانین كە ڕووبەروی كوردستان كراوەتەوە، زیاتر لە دوو هەفتەیە دەوامی ناوەندەكانی خوێندن دەستیپێكردووە ، لە هەندێك ناوچە دەوام نەكراوە، وەك ئاماژەمان پێدا مووچە مافی بنەڕەتی مامۆستایانە و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەهەوڵی بەردەوامی بەدەستهێنانی شایستە داراییەكانی كوردستانە لە حكومەتی عێراقی فیدراڵ، داواكارین كە هەرچی زووترە دەست بە پرۆسەی پەروەردە و فێربوون لەو ناوچانە بكرێتەوە چونكە دەرئەنجامەكانی بایكۆت لە ساڵانی ڕابردوو زیانی هەبووە و هیچ بوارێكمان نییە گۆڕانكاری لە ساڵنامەی خوێندن بكرێت، بۆ ئەم مەبەستەش سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردە پەیوەندیدارەكان ئاگادار دەكەینەوە كە بە زووترین كات دەستبكرێتەوە بە دەوامكردنی ناوەندەكانی خوێندن.
ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان
٣ی ١٠ی ٢٠٢٣