بانكی ناوەندیی لەبارەی دۆلارەوە پەیامێكی بەپەلە بڵاودەكاتەوە

ئابوری

06/10/2023     ژمارەی بینراو 600

راچڵەكین -

بانكی ناوەندیی عیراق لەبارەی راگرتنی ناردنی دۆلار لە ئەمریكاوە، روونكردنەوە دەدات و رایدەگەیەنێت: ناردنی دۆلار لەلایەن بانكی فیدراڵیی ئەمریكاوە بۆ عیراق بەردەوامەو بەهیچ شێوەیەك بڕەكەی كەمنەكراوەتەوە.

لە پەیامێكدا كە ئەمڕۆ هەینی بانكی ناوەندیی عیراق بڵاویكردووەتەوە، ئەو دەنگۆیانەی رەتكردووەتەوە كە باس لە راگرتن یان كەمكردنەوەی ئەو بڕە دۆلارە دەكەن كە لەلایەن بانكی فیدراڵیی ئەمریكاوە بۆ عیراق رەوانەدەكرێت.

بانكەكە رایگەیاندووە، بڕی رەوانەكردنی دۆلار لەلایەن بانكی فیدراڵیی ئەمریكاوە بەپێی ئەو خشتەو وادەیەی لەنێوان هەردوو دامەزراوە بڕیاری لێدراوە، بەردەوامەو شەوی رابردوو لەوادەی دیاریكراوی خۆی دۆلار رەوانەی بانكی ناوەندیی كراوە.

بانكی ناوەندیی عیراق داواشی لە كەناڵەكانی راگەیاندن كردووە لە بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی پەیوەستن بە سیاسەتی نەختینەیی عیراق، رەچاوی وردبینی بكەن و زانیارییەكان لە سەرچاوە فەرمییەكانەوە وەربگرن.

پەیامەكەی بانكی ناوەندیی عیراق لەكاتێكدایە ئەمشەو نرخی دۆلار لە بەرامبەر دیناری عیراقی بەرزبوونەوەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و نرخی 100 دۆلار 161 هەزار دیناری تێپەڕاند.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن