راچڵەكین -
تیمی سەرۆكایەتی ئەمریكا چاودێریی وردی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەكات و سەرۆكی ئەو وڵاتەش داوا لە سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل دەكات وەڵامی یەكلاكەرەوەیان بەرامبەر چەكدارانی حەماس هەبێت.
جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ كامێلا هاریس-ی جێگری، لەگەڵ تیمی سەرۆكایەتی وڵاتەكەی كۆبووەوە بۆ تاووتوێكردنی نوێترین پێشهاتەكانی پەیوەست بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و چەكدارانی بزووتنەوەی حەماس، كە ماوەی چوار رۆژە بەردەوامەو بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی لەهەردوولا كوژراون.
بایدن رایگەیاندووە، لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیوەندی بەردەوام دام بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی هەماهەنگیی هاوبەش و هاوكاریكردنی ئەو وڵاتە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێرشە دوژمنكارانەی رووبووی بووەتەوە، لەگەڵ چۆنیەتی پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی.
سەرۆكی ئەمریكا جەختی لەوەكردەوە كە ئیسرائیل مافی بەرگری لەخۆكردنی بەرامبەر شەڕپێفرۆشتنەكانی حەماس هەیەو وتیشی:" بە ناتانیاهۆم راگەیاندووە، دەبێ وەڵامی یەكلاكەرەوەتان بەرامبەر چەكدارانی حەماس هەبێت".
لە سەرەتای دەستپێكردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و چەكدارانی حەماس لە كەرتی غەززە، سەرۆكی ئەمریكا بەڵێنیدا هەموو جۆرە هاوكارییەكی سەربازی بۆ ئیسرائیل دابین بكات، بڕیاریشیدا بە رەوانەكردنی كەشتی فڕۆكەهەڵگری جیراڵد فۆرد، بۆ رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لەنزیك كەناراوەكانی ئیسرائیل، كە نوێترین و پێشكەوتووترین كەشتی فڕۆكەهەڵگری ئەمریكایەو دەیان فڕۆكەی جۆرەكانی (f16) و (f35) لەخۆگرتووە.