جۆرجیا میلۆنی لە هاوسەرەكەی جیادەبێتەوە

هەمەڕەنگ

20/10/2023     ژمارەی بینراو 619

راچڵەكین -

سەرۆكوەزیرانی ئیتاڵیا جیابوونەوەی لە هاوسەرەكەی راگەیاندو هۆكارەكەشی بۆ ئاشكرابوونی پەیوەندی سۆزداریی هاوسەرەكەی لەگەڵ ژنێكی تر، گەڕاندەوە.

ئەمڕۆ هەینی، جۆرجیا میلۆنی، سەرۆكوەزیرانی ئیتاڵیا رایگەیاند: دوای نزیكەی 10 هاوسەرگیریم لەگەڵ ئەندریا جیامبرۆنۆ، بڕیاری جیابوونەمان دا و لێرەدا ژیانی پێكەوییمان كۆتایی دێت.

میلۆنیی تەمەن 46 ساڵ، كە ماوەی ساڵێكە پۆستی سەرۆكوەزیرانی ئیتاڵیای وەرگرتووە، ساڵی 2014 لەگەڵ ئەندریا جیامبرۆنۆی رۆژنامەنووسی ئیتاڵی هاوسەرگیری كردو دایكی كچێكی تەمەن حەوت ساڵانە بەناوی جینیفرا.

سەرۆكوەزیرانی ئیتاڵیا باسی لەوەكرد كە ناهێڵێت قورساییەكانی ژیانی تایبەتی خۆی، كاری تێبكات و وتی:" هەموو ئەوانەی كە بە هیوای ئەوەوە بوون لاوازم بكەن بەوەی كە لە ماڵەكەی خۆمدا لێم بدەن، سەركەوتوو نابن".

میلۆنی لە پەیامێكیشدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (x) بڵاویكردەوە، سوپاسی هاوسەرەكەی كرد كە بەدرێژایی نزیكەی 10 ساڵی پێكەوییان، ساتی خۆش و تەنگوچەڵەمەی زۆریشیان چەشت.

ئەندریا جیامبرۆنۆی تەمەن 42 ساڵ، كە لە یەكێك لە كەناڵە بەناوبانگەكانی ئیتاڵیا كاردەكات، لە تۆمارێكی دەنگیدا كە بەنهێنی بڵاوكراوەتەوە، باس لە ژنان دەكات و دان بەوەشدا دەنێت كە پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ ژنێك هەیە، ئەم قسانەش دەنگدانەوەی زۆری لەناوخۆی ئیتاڵیا لێكەوتەوەو كاریگەریی زۆری لەسەر جۆرجیا میلۆنی دروستكرد، كە ناچاری كرد لە هاوسەرەكەی جیاببێتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن