راچڵەكین -
رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، پڕۆژە بڕیارێكی پەسەندكرد بۆ راگرتنی دەستبەجێی شەڕ لە كەرتی غەززەو كردنەوەی رێڕەوی مرۆیی بۆ دانیشتووانەكەی.
میدیاكانی جیبهان بڵاویانكردەوە، ئەمشەو كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، پڕۆژەبڕیارێكی پەسەندكرد كە لەلایەن نوێنەری ئوردن پێشكەش كرابوو.
لە پڕۆژە بڕیارەكەدا، كە 42 دەوڵەت پشتیوانییان لێی كرد، داوا دەكات دەستبەجێ شەڕو بۆردومانەكان لە كەرتی غەززە رابگیرێت و رێڕەوی مرۆییش بكرێتەوە بۆ گەیاندنی كۆمەك و هاوكاریی بەپەلە بۆ دانیشتووانەكەی.
بڕیارەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان، هاوكاتە لەگەڵ هێرشێكی فراوانی ئاسمانی و زەمینی و دەریایی سوپای ئیسرائیل بۆسەر كەرتی غەززە، كە تائێستا بەردەوامەو بەپێی زانیارییەكان، ژمارەیەكی زۆر قوربانی لێكەوتووەتەوە، بەڵام بەهۆی پچڕانی هێڵەكانی پەیوەندیكردن و ئینتەرنێت لەسەر كەرتی غەززە، نەتوانراوە ژمارەی راستەقینەی قوربانییەكان بزانرێت.