ئیسرائیل بڕیارێكی بەپەلە لەدژی توركیا دەردەكات

جیهان

28/10/2023     ژمارەی بینراو 3812

راچڵەكین -

حكومەتی ئیسرائیل وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر وتەكانی ئەمڕۆی ئەردۆغان لەدژی ئۆپەڕاسیۆنە سەربازییەكەی سەر كەرتی غەززە، بڕیاریدا دیپلۆماتكارەكانی لە ئەنكەرە بگەڕێنێتەوە بۆ چاوخشاندنەوەی بە ئاستی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەو وڵاتە.

ئیلی كۆهین، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لە پەیامێكدا كە ئەمڕۆ شەممە لە تۆڕی كۆمەلایەتی (X) بڵاویكردەوە، نووسیویەتی: بەهۆی لێدوانە مەترسیدارەكانی توركیا، فەرمانم بە تیمی دیپلۆماتكارانی ئیسرائیل لە ئەنكەرە كرد، بگەڕێنەوە بۆ تەلئەبیب.

كۆهین هۆكاری گەڕاندنەوەی تیمی دیبلۆماتكارانی وڵاتەكەی لە توركیا، گەڕاندەوە بۆ تاوتووێكردنی دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی ئاستی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە.

ئەم هەڵوێستەی ئیسرائیل لەدوای وتارەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا دێت، كە ئەمڕۆ لەمیانی گردبوونەوەیەكی جەماوەری هات لە ئیستەنبوڵ پێشكەشیكردو تێیدا رەخنەی توندی لە سوپای ئیسرائیل گرت بەرامبەر هێرشە سەربازییەكانی بۆ سەر كەرتی غەززە.

ئەردۆغان كە وڵاتەكەی لەساڵی 1949 بە فەرمی دانی بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا ناوەو پەیوەندی دیپلۆماسی لەنێوانیاندا هەیە، هێرشێكی توندی كردە سەر ئەو وڵاتەو بە تاوانباری جەنگ وەسفیكرد، وتیشی:" ئەوەی لە غەززە روودەدات، بەرگری لەخۆكردن نییە، بەڵكو كۆمەڵكوژییەو ئیسرائیل دەیەوێ تەواوی دانیشتووانی كەرتی غەززە لەناوببات.

سەرۆكی توركیا وێڕای هاوسۆزی دەربڕین بۆ دانیشتووانی غەززە، راشیگەیاند: ئیسرائیل باجی ئەم كردەوانەی لە غەززە دەدات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن